عێراقکوردستانگرنگترین

راهێنەری نەورۆز و هەولێر رەخنە لە چیمەنی یاریگای فڕەنسۆ هەریری دەگرن

یاریگا –

وەلی کەریم و حەیدەر عەبدولئەمیر دوای یارییەکەیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق رەخنەیان لە چیمەنی یاریگای فڕەنسۆ هەریری گرت و هەردووکیان کۆکبوون لەسەر ئەوەی چیمەنی یاریگاکە بە کەڵکی یاریکردن نایەت.

وەلی کەریم راهێنەری یانەی نەورۆز دوای یاریی دێربی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی :’ناکرێت یاریی دێربی کوردستان لە یاریگایەکی لەمشێوەیە بەڕێوە بچێت، چیمەنی ئەم یاریگایە بە کەڵکی یاریکردن نایەت، تەنانەت چیمەنی یاریگای ئەمانەی بەغدا گەرچی سیس و قوڕاوییە، بەڵام لە چیمەنی ئەم یاریگایە باشترە، کاتێک بۆیەکەمجار هاتینە ناو ئەم یاریگایە و چیمەنی یاریگاکەم بینی، بڕیارمدا پێکهاتەی تیپەکەم بگۆڕم، چونکە یاری لەسەر چیمەنی ئەم یاریگایە ناکرێت’.

حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری یانەی هەولێریش بەهەمان شێوە رەخنەی لە چیمەنی یاریگای یانەکەی گرت و دوای ئەوەی 1-1 لەگەڵ نەورۆز یەکسانبوون، گوتی :’من لەگەڵ کاپتن وەلی کەریم هاوڕام، چیمەنی ئەم یاریگایە بە کەڵکی یاریکردن نایەت، هیوادارم چارەسەر بکرێت، چیمەنی یاریگاکە هێندە خراپە کەڵکی ئەوەی نییە هەموو پلانێکی هونەری پەیڕەو بکەی’.

راهێنەرەکەی هەولێر لەبارەی تیپەکەشی گوتی :’یارییەکە بۆ ئێمە قورس بوو، ئێمە تەنیا هەفتەیەکە تەواوی یاریزانەکانمان گەڕاونەتەوە راهێنانەکان، پێشتر بەهۆی کێشەی داراییەکانەوە رۆژی وا هەبوو تەنیا بە 10 یاریزان راهێنانمان دەکرد’.

بابەتی زیاتر

Back to top button