ئیسپانیا

ڕیاڵ مەدرید جۆری پێکانەکەی ڕامۆسی ڕاگەیاند

یاریگانێت- پێگەی فەرمیی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیی جۆر و ئاستی پێکانەکەی سێرجیۆ ڕامۆسی کاپتنی یانەکەی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پشکنینە پزیشکییەکانی تایبەت بە یانەکە دەریخستووە یاریزانەکەیان پێکانێکی پلەیەک لە ماسوولکەکانی پشتەوەی پێیدا هەیە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتە جیاوازەکان، ڕامۆس تا سێ هەفتە لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە، ئەوەش بە واتای کۆتایی هاتنی ئەم مانگە بۆ دڵی بەرگریی مێرەنگیی.

ئەو جۆرە پێکانە بە نیسبەر ڕامسەوە نامۆ نییە، بەوەی ساڵی 2018 لە هەمان بەشی پێیدا دووچاری پێکان هات. ئەگەرچی ڕیاڵ مەدرید بە دیاریکراویی باسی لەو یاریانە نەکردووە کە کاپتنەکەیان تێیدا یاری نەکات، بەڵام وا لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە کە سێ یاری داهاتوویان بەرامبەر لیگانیس، ئەتڵەتیکۆ بڵباو و خیتافێ نەتوانێت یاری بکات.

ڕامۆس لەم وەرزە 39 یار بۆ مێرەنگیی ئەنجام داوە و 10 گۆڵی بۆ تۆمار کردوون، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا یانەکەی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان ماڵئاوایی کردووە، لە خولی ئیسپانییش هیوایەکیان نەماوە، پاش 31 هەفتە پلەی سێیەمن دوای ئەتڵەتیکۆ مەدرید بە دوو خاڵ و، بارسێلۆنای پێشەنگ بە 13 خاڵ.

Back to top button