ئینگلتەراگرنگترین

ئێرلینگ هالاند هۆکاری رەتکردنەوەی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات

هالاند زۆر لە مانچێستەر سیتی دڵخۆشە و نایەوێت جێیبهێڵێت

یاریگا –

لە ماوەی رابردوودا، زۆر باس لە ئەگەرەکانی پەیوەندیکردنی ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی بە ریال مەدرید دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نەبووە.

هالاند دان بە خۆشگوزەرانی لە مانچێستەر دەنێت و پێی وایە چەندین تایبەتمەندی لە یانەکەدا هەن، رێگری لە گواستنەوەی دەکەن، بە تایبەت بۆ یانەیەکی وەک ریال مەدرید یاخود خولی ئیسپانیا بە شێوەیەکی گشتی.

هالاند بۆ ماوەی دوو مانگ بە هۆی پێکان لە یاریگاکان دابڕا و لە یاری بەرامبەر بێرنلی گەڕایەوە. هالاند بە هۆی پێکان بەشداری لە مۆندیالی یانەکانیشدا نەکرد، کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لە سعودیە بەڕێوەچوو.

ئەستێرە نەرویجییەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵی فەرمی مانچێستەر سیتیدا کرد و باسی لە شێوازی ژیان و پەیوەندییەکانی لە شار و یانەی مانچێستەر کرد

ئەرێنی بەردەوام هاندەرانم خۆشدەوێت، کاتێک دەیانبین، نوکتە دەگێڕینەوە و ئینگلیزەکان زۆر حەزیان بە گاڵتە و گەپە، منیش هاوشێوەی ئەوان حەزم لە قسەی خۆشە. لە نەرویج هاوشێوەی ئینگلیزەکانین، حەزمان لە نوکتەیە.

لەبارەی یانەی داهاتووی و ئەگەرەکانی جێهێشتنی مانچێستەر سیتی، هالاند دەڵێت

دەمەوێت ئاستی خۆم لەگەڵ یانەکە باشتر بکەم، دەمەوێت توندتر پاڵپشتی تیمەکەم بکەم و ئاستی جیاوازی بەرز پێشکەشی یانەکەم بکەم. دەمەوێت هاوشێوەی وەرزی رابردوو، سیناریۆکان دووبارە بکەمەوە.

هالاند پێی وایە، یاریزانی تۆپی پێ، رێزێکی زۆری لە ئینگلتەرا دەگیرێت، ئەمەش رەنگە پێچەوانەی ژیانی یاریزانێکی تۆپی پێ بێت لە ئیسپانیا، ئەستێرە نەرویجییەکە لەسەر ئەم خاڵە دەڵێت

خەڵک ئێمە لەسەر شەقامەکان دەبینێت، تەنانەت هاندەرانی مانچێستەر یونایتد دێنە لام و قسەی خۆش دەکەین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، خەڵک بەشێوەیەک لە شێوەکان ئازادییەکانت لێ نابەن و رێزی دەگرن. هاتووچۆی ماڵباتەکەم لە نەرویجەوە بۆ ئێرە زۆر ئاسانە، ئەوان لەمبەری دەریان و زۆر لەیەکەوە نزیکین، مانچێستەر سیتی ئەو یانەیە بوو کە حەزم دەکرد پەیوەندی پێوە بکەم.

هالاند لە هاوینی ساڵی 2022 لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە کرد و لەوکاتەوە 50 گۆڵی لە کۆی 52 یاریدا کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button