پۆلیس هەڵیکووتایە سەر یەکێتی تۆپی پێی بولگاریا و سەرۆکەکەشی لەکارلادرا
یاریگا-بە چەند کاتژمێرێک دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی بولگاریا، پۆلیس هەڵیکووتایە سەر بارەگای یەکێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتە.
شەوی رابردوو لە میانەی یاری ئینگلتەرا و بولگاریادا، سوکایەتی رەگەزپەرستی بە یاریزانانی سێ شێرەکە کرا و دوای ئەوە سەرۆکی بولگاریا پەیوەندی بە میرۆسلاڤ میهایلۆڤی سەرۆکی تۆپی پێ کرد و داوای لێکرد بەزووترین کات دەست لەکار بکێشێتەوە.
دوابەدوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکەکە، ژمارەیەکی زۆری پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگاکەیان. بەگوێرەی بی بی سی رووداوی دووهەم رەنگە پەیوەندی بە یارییەکەوە نەبووبێت و بەڵکو بەدوای بەڵگەنامە و نوسراوەکانی تایبەت بە ناوبژیوانان گەڕاون.
ئینگلتەرا یارییەکەی بە ئەنجامی ٦-٠ بردەوە و سەرکەوتنی بۆ کۆتاییەکانی یۆرۆ مسۆگەرکرد. بولگاریاش بە سێ خاڵ لە کۆتا پلەی کۆمەڵەکەدایە. پێشبینیش دەکرێت بولگاریا بە توندی لەلایەن یوفاوە سزابدرێت بەهۆی رەگەزپەرستی هاندەرەکانییەوە.