بارسێلۆنا و ریال مەدرید لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانانی لالیگا هێرشێکی توند دەکەنە سەر یەکتری
یاریگا –
بارسێلۆنا و ریال مەدرید جارێکی دیکە ناوبژیوانانی لالیگا بە لایەنگیری یەکتری تۆمەتبار دەکەن و وەڵامی یەکتری دەدەنەوە، خوان لاپۆرتا لەبارەی رووداوەکانی یاریی ریال مەدرید و ئەلمێریا دەڵێت ‘ئەوەی روویدا ئابڕووچوون بوو’، بەڕێوەبەری کەناڵی فەرمی ریال مەدریدیش بە توندی وەڵامی دەداتەوە.
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە کاتی ئامادەبوونی لە رێوڕەسمێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی دەڵێت :’ئەوەی لە یارییەکەی ریال مەدرید و ئەلمێریا روویدا ئابڕووچوون بوو، لەو رۆژەی ئێمە نزیکبووین جیاوازی خاڵەکانمان کەم بکەینەوە، سیستەمی ڤار رێگای نەدا’.
خوان لاپۆرتا: ئەوەی لە یارییەکەی ریال مەدرید روویدا ئابڕووچوون بوو.
لاپۆرتا لەبارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ناوبژیوانانی لالیگا دەڵێت :’پێویستە دەستەی ناوبژیوانان لەبارەی ئەو فشارانەی لەسەر ناوبژیوانان بە درێژایی وەرز دروست دەکرێن بێتە دەنگ، ئەگەر وەڵامیشیان نەبێت، وادەکات نیگەران بین چونکە بە ئەرکی سەر شانیان هەڵناستن’.
دارکۆ پێریچ ئەکتەری بەناوبانگی ئیسپانی کە لە درامای تاڵانی پارە بە هێلسینکی ناسراوە، لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەی ریال مەدرید و ئەلمێریا وەکو توانجێک دەڵێت ‘لە دزییەکەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ پەیوەندییان بە منەوە نەکرد’.
بەڕێوەبەری کەناڵی فەرمی ریال مەدرید هەرزوو لە وەڵامی قسەکان و رەخنەکانی چاڤی هێرناندێز لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانان هاتە دەنگ و دەڵێت :’بە درێژایی 20 ساڵ بارسێلۆنا پارەی دەدا بە جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان، لەو ماوەیە 8 ملیۆن یۆرۆی بە نیگرێرا داوە و ئەمەیان پێ شتێکی سروشتییە کە چاڤی زیاتر لە 600 یاریی بۆ بارسێلۆنا کردووە لەو ماوەیەدا، گومان لە ئەنجامی هەر 600 یارییەکە هەیە’.
کەناڵی ریال مەدرید: بە درێژایی 20 ساڵ بارسێلۆنا پارەی بە جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا دەدا.
هەروەها بەڕێوەبەری کەناڵە فەرمییەکەی ریال مەدرید دەشڵێت :’ریال مەدرید و کەناڵی ریال مەدرید زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کەیسی نیگرێرادا کردووە، لەو کاتەدا کە گومان لەسەر بارسێلۆنا هەبوو، چاڤی یاریزانی یانەکە بووە’.
خۆزێ ماریا گوتی، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید یەکێکی دیکەیە لەوانەی لە وەڵامی قسەکانی بارسێلۆنا هاتووەتە دەنگ و دەڵێت :’بەداخەوە لاپۆرتا کە بەرتیلی بە نیگرێرا داوە بۆ کڕینەوەی ناوبژیوانان، هاتووە دەڵێت ئەوەی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ روویدا ئابڕووچوون بوو’.
لەم وەرزەی لالیگا، جیرۆنا بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە و ریال مەدریدیش بە 51 خاڵ پلەی دووەمی گرتووە و بارسێلۆناش بە 44 خاڵ پلەی سێیەمی خولەکەی گرتووە، ئەگەر سیستەمی ڤار نەبووایە ریال مەدرید سێ خاڵی لێ کەم دەبووەوە و بارسێلۆناش دوو خاڵی کەمتری کۆدەکردەوە.