سعودیەگرنگترین

رۆناڵدۆ چەندین نهێنی لەبارەی مێسی و خەڵاتەکان دەدرکێنێت

''خەڵاتەکان ئێستا متمانەیان کەمبووەتەوە''

یاریگا –

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و نەسڕی سعودی، جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە، باشترین گۆڵکاری مێژووە.

لە ساڵی 2023دا، رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ 54 گۆڵی کرد و بووە گۆڵکاری ساڵ و یاریزانی وەک ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری مانچێستەر سیتی و کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری پاریس سانجێرمان و هاری کەین، هێرشبەری بایرن میونشی تێپەڕاند.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی، رۆناڵدۆ باسی کۆمەڵێک وردەکاری کردووە، تۆڕی وەرزشی یاریگا دەقی چاوپێکەوتنەکە بڵاودەکاتەوە.

لەبارەی بردنەوەی خەڵاتی گڵۆب سۆکەر، چیت هەیە؟

من باشترین گۆڵکاری مێژووی تۆپی پێم، بۆیە گەیشتن بە 900 یاخود 1000 گۆڵ وەکویەکە، بەر لەوەی بگەمە هەزار گۆڵ، پێویستە بگەمە 900 گۆڵ، بەڵام خەڵک لە ئێستاوە باس لە هەزار گۆڵ دەکەن، وەک ئەوەی 900م تێپەڕاندبێت. ئەو شتانەی لە ژیانی کەسی و پیشەگەری من روویانداوە، وام لە من کردووە بەمشێوەیە بیر بکەمەوە، ئێستا ساتێکی باشە، بۆ ئەوەی چێژ لە تۆپی پێ وەربگرم، ئەو 54 گۆڵەی کردوومە، پێویستی بە قوربانی و کارێکی زۆر و یارمەتی هاوتیمەکانم هەیە، بۆیە چێژ لە ساتەکە وەردەگرم.

لەبارەی بردنەوەی یۆرۆی 2024؟

بە شێوەیەکی سرووشتی، ئەمە ئامانجێکە لە مێشکمدایە و هەموو هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی دەدەم، دەمەوێت یۆرۆی داهاتوو بەدەستبهێنم.

لەبارەی باڵۆن دۆر و خەڵاتی زە بێست؟

پێم وایە ئەم خەڵاتانە خەریکە متمانە لەدەست دەدەن، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی وەرزەکە بکەین. ئەمە واتای ئەوە نییە، مێسی شایەنی خەڵاتەکە نییە، نەک تەنیا مێسی، بەڵکو باسی هالاند و ئێمباپێش دەکەم. چیدیکە من بڕوام بەم خەڵاتانە نەماوە، نەک لەبەر ئەوەی خەڵاتی گڵۆب سۆکەرم بردووەتەوە، بەڵام ئەمانە راستین و ژمارەکان یەکلاکەرەوەن، ناتوانن ئەم خەڵاتە لەمن ببەن، چونکە ئەمانە راستین، ئەمە دڵخۆشم دەکات، چونکە ژمارەکان راستەقینەن.

ئایا لەو قسانە نیگەران نابیت، کە باس لە لاوازی یاخود کەم بینەری خولی سعودی دەکەن؟

بۆ نموونە، لیۆنێل مێسی خەڵاتی زە بێستی بردەوە و زۆربەی یارییەکانی لە خولی ئەمریکی کرد، کە بەراورد بە ئەوروپا، گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. با راستگۆ بم لەگەڵتان، سەیری مەرسیمی زە بێستم نەکرد. ئەو 54 گۆڵەی لە سعودیە کردوومە، هەندێک پێیان وایە، ئەمە کارێکی ئاسانە لە سعودیە بکرێت، بەڵام پیشەگەرانی تۆپی پێی، باش لە قورسی تۆمارکردنی ئەم هەموو گۆڵە دەگەن، جا چ لە سعودیە، ئیتاڵیا، ئیسپانیا یاخود پۆرتوگال بێت. گۆڵ گۆڵە. شانازی بەخۆم دەکەم، چونکە بەسەر یاریزانی وەک هالاند، ئێمباپێ و کەین سەرکەوتووم.

ئایا جارێکی دیکە رۆناڵدۆ لەگەڵ خەڵاتی باڵۆن دۆر یاخود زە بێست دەبینینەوە؟

باش دەزانین ئەم رێکخراوانە چۆن کار دەکەن، بەدڵنیاییەوە من زیاتر بیر لە هەڵبژاردەی نیشتمانی و یانەکەم دەکەمەوە، خەڵاتەکان لە دوای پێشکەشکردنی وەرزێکی باش دەبن. زۆر بیری لێناکەمەوە.

ئایا پۆرتوگال یەکێکە لە کاندیدان بۆ بردنەوەی یۆرۆی داهاتوو؟

بەلای منەوە، بەربژێر بوون یاخود پاڵێوراوبوونت، شتێکی ئەوتۆ زیاد ناکات، دەبێ ئەوە بزانین، کە تیمەکەمان توانای بردنەوەی یۆرۆی دااتووی هەیە، هەروەک چۆن یۆرۆی 2016مان بردەوە، ئەوکاتە لە بەربژێرەکانی سەرەکی نەبووین. ئێستا بە شێوەیەکی جیاواز سەیری پۆرتوگال دەکەن، بۆیە پێم وایە دەبێت بە هزری بردنەوەی نازناوەکە بەشداری لە یۆرۆدا بکەین و شەڕ لە پێناو ئامانجەکەدا بکەین.

دەتوانین خەون بە گەڕانەوەی تۆ بۆ سپۆرتینگ لیسبۆن ببینین؟

شایەنی دروستکردنی هیچ هیوا و پێشبینییەک نییە، چونکە پێشتر باسم کردووە، دەمەوێت ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو لە نەسڕ بمێنمەوە، لە سعودیە دڵخۆشم. زۆر بە باشی مامەڵەم لەگەڵدا دەکەن و خولی سعودیە پێشبینییەکی گەورەی بۆ دەکرێت، چونکە بەردەوامە لە گەشەکردن، پێچەوانەی هزر و بیری هەندێ خەڵک. گەڕانەوەم بۆ خولی پۆرتوگالی بێ مانایە، چونکە چەند رۆژێکی دیکە دەبمە 39 ساڵ. ئەگەر بوومە 40 ساڵ و توانای یاریم مابێت، ئەوا هەڵسەنگاندن دەکەم، نازانم تاکەی بەردەوا مدەبم، بەڵام ئەگەرەکانی یاریکردنم لە پۆرتوگال، کەمن.

بابەتی زیاتر

Back to top button