ئیسپانیاگرنگترین

بۆچی چاڤی دەستبەرداری لیڤاندۆڤسکی و فێلیکس دەبێت؟

نەمانی متمانە...

یاریگا –

چاڤی هێرناندێز دەستبەرداری رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی و جواو فێلیکس دەبێت.

شەوی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی 19ـی لالیگا، بارسێلۆنا لە یاریگای گران کاناریا بووە میوانی لاس پاڵماس، یارییەکەشی بەزەحمەت و بە ئەنجامی 2-1 بردەوە.

ئەوەی مایەی نیگەرانی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکەیە ئاستی هێرشبەرانی تیپەکەیەتی، بەتایبەت لیڤاندۆڤسکی و فێلێکس، کە لەم یارییە لیڤا لە خولەکی 72 یاریگای جێهێشت بۆ فێلیکس، بەڵام هیچ کامیان سودێکی ئەوتۆیان بە تیپەکەیان نەگەیاند.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، چاڤی بڕیاریداوە ئەگەر هەردوو یاریزانەکە لەسەر ئەم ئاستەی ئێستایان بەردەوامبن ئەوا لە وەرزی نوێ بەشێک نابن لە پلانەکانی و بەدوای شوێنگرەوەیاندا دەگەڕێت.

هێرشبەرە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی رابردوو بەشێوەی خواستن لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە رووی لە بارسێلۆنا کرد، لە دەستپێکدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و هەرزوو دڵی هاندەرانی یانەکەی بەدەستهێنا، بەڵام چەند یارییەکە ئاستی بەتەواوی دابەزیووە و یانەکەی نیگەران کردووە.

فێلیکس لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری 21 یاری بارسای کردووە، بەکۆی گشتی 1,325′ یاری کردووە، 6 گۆڵی کردووە و 3 گۆڵیشی درووستکردووە.

لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی یەکێکی دیکەیە لە نیگەرانییەکانی یانە کاتالۆنییەکە، لە وەرزی رابردوو رۆڵێکی باڵای هەبوو لە بەدەستهێنانی لالیگا بۆ یانەکەی، بەڵام لەم وەرزە ئاستی دابەزیووە، لەکۆی 22 یاری تەنیا 9 گۆڵی کردووە و 5 گۆڵیشی درووستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button