ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بۆچی ئاردا گولەر بەرامبەر مایۆرکا یاریی نەکرد؟

بۆچی یانەکان ئەو سیستەمە پەیڕەو دەکەن؟

یاریگا –

شەوی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی 19ـی لالیگا، ریال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری ریال مایۆرکای کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر بردەوە.

کارلۆ ئانچێلۆتی، بۆ ئەو یارییە بانگهێشتی ئاردا گولەری کردبوو، کە یاریزانەکە لە هاوینی رابردووەوە لەدوای پەیوەندیکردنی بە مێرێنگی بەهۆی پێکان تا ئێستا بەشداری هیچ یارییەکی نەکردووە.

هەرچەندە گولەر لە گێمی دووەمی یارییەکە دەستی بە خۆ گەرمکردن کرد، بەڵام بەشداری یارییەکەی نەکرد، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی و پرسیاری لای هاندەران درووستکرد، کە بۆچی بەشداری یارییەکەی نەکردووە.

لە راستیدا یاری نەکردنی ئەو یاریزانە بەرامبەر مایۆرکا بە ئاسایی لەقەڵەم دەدرێت، چوونکە یانە گەورەکانی ئەوروپا سیستەمێک پەیڕە دەکەن، کاتێک یاریزانێک لە پێکانێکی درێژخایەن دەگەڕێتەوە، لە یەکەم یاری بانگهێشتی دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی لەڕووی دەروینییەوە متمانەی پێ ببەخشن و بیگەڕێننەوە ناو کەش و هەوای لاکێشەی سەوز.

هەر بەپێی ئەو سیستەمە یاریزانەکە لە یاری دوواتر بەشداری دەکات، هەندێک جار بەشێوەی سەرەکی و هەندێک جاریش بەشداری بەشێکی یارییەکە دەکات، کە ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری راهێنەر.

بێگومان ئەم سیستەمە تەنیا لە ریال مەدرید پەیڕەو ناکرێت، هەر لە هەفتەی رابردوو، کێڤن دی بروینی بەلجیکی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی، دوای پێکانێکی درێژخایەن، بانگهێشتی یاری یانەکەی بەرامبەر شێفڵد یونایتد کرا، هەر چەندە لە گێمی دووەم دەستی بە خۆگەرمکردن کرد، بەڵام بەشداری یارییەکەی نەکرد.

بەڵام هەندێک جار کاتێک تیپەکە ژمارەیەک گۆڵی زۆر دەکات، راهێنەر بەشداری بە یاریزانەکە دەکات، بەڵام کاتێک تیپەکە مەترسی شکست یان یەکسانبوونی لەسەرە، هیچ راهێنەرێک نایەوێت ئەو سەرکێشییە بکات، مەترسی لەسەر تیپەکە و یاریزانەکەش درووست بکات.

بۆ نمونە ئەگەر گولەر بەشداری یارییەکەی شەوی رابردووی بکردایە، لەدوای بەشداریکردنی ئەو یانەکەی گۆڵی یەکسانبوونی لێ بکرایە، ئەوا لەڕووی دەروونی زیانێکی زۆری بەردەکەوت، بۆیە لەو جۆرە بارودۆخانەدا یاری نەکردنی یاریزانەکە بژاردەی یەکەمی راهێنەران دەبێت.

هەر بۆیە ئەو دوو حاڵەتەی لەو دوو یارییەدا بینران حاڵەتی ئاسایین، بە ئەگرێکی زۆر هەردوو یاریزانەکە لە یاری داهاتووی یانەکانیان دەبینین.

بابەتی زیاتر

Back to top button