عێراقکوردستانگرنگترینیاریگا

دیمانە | سۆن هیونگ مینەکەی باڵەکەیاتی نهێنیی ئاهەنگگێڕانەکەی و ئامانجی داهاتووی ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئیبراهیم غازی یاریزانی لاوی کوردی یانەی حدوود کە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەدرەوشێتەوە، دەڵێت بە سۆن هیونگ مین سەرسامم بۆیە لەکاتی گۆڵکردن لە ئاهەنگگێڕان لاسایی ئەو دەکەمەوە، دەشڵێت لە یانەکەم ئاسوودەم و ئامانجی ساڵی داهاتووم گەیشتنە بە هەڵبژاردەی عێراق.

ئیبراهیم غازی (23 ساڵان) کە لەم وەرزە لە 12 یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراق 8 گۆڵی بۆ حدوود کردووە و 3 گۆڵی بە پێناڵتی بوون، لە دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ تۆڕی وەرزشی یاریگا دەڵێت :’لە یانەی حدوود زۆر دڵخۆشم، لەم کاتەدا ئەستەمە بیر لە رۆیشتن لە یانەکەم بکەمەوە چونکە لێرە هەموو شتێکم بۆ دەکەن، هەستم دەکەم لێرە زیاتر بەرەو پێشەوە دەچم، بەڵام ناشزانم لە داهاتوو چی روودەدات، من هاوینی رابردوو زۆر نزیکبووم لە چوونم بۆ ریزەکانی زاخۆ و ئەمانەی بەغدا، بەڵام لە دوایین رۆژەکان گرێبەستەکە سەری نەگرت’.

ئامارەکانی ئیبراهیم غازی لەم وەرزە
ئامارەکانی ئیبراهیم غازی لەم وەرزە

کوڕەکەی باڵەکایەتی لەبارەی بانگهێشت نەکرانی بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت :’ئامانجی سەرەکیم ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێم، ئامادەم هەموو شتێک بکەم بۆ ئەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەکەم بکرێم، چونکە ئەمە خەونی لەمێژینەی منە’.

هێرشبەرە کوردەکەی حدوود دەڵێت :’ساڵانێکی زۆرە من بە سۆن هیونگ مین سەرسامم، هەمیشە لە فانتاسی پرێمەرلیگ لە زۆربەی گەڕەکان ئەگەر هیچ پێکانێکی نەبێت، سۆن دەکەمە کاپتنی پێکهاتەکەم و زیاتر لە هەزار خاڵم کۆکردووەتەوە، بۆیە لەکاتی گۆڵکردن لەسەر شێوازی سۆن ئاهەنگ دەگێڕم، من لەمێژە هاندەری یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزیم و سەیری زۆربەی یارییەکانی دەکەم’.

لەبارەی لاساییکردنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتی ئاهەنگگێڕان لەدوای تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمی بەرامبەر قوە جەوییە دەڵێت :’یاریزانێکی پیشەگەرمان هەیە لە یانەکەمان، پێش یارییەکە گوتی ئەگەر گۆڵ بکەم لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگێڕم، بۆیە کاتێک گۆڵی یەکەمم لەدژی قوە جەوییە کرد، لەسەر شێوازی رۆناڵدۆ ئاهەنگم گێڕا’.

https://www.facebook.com/Yariga/posts/pfbid02jSsjw2BFBnXcxBK4x7w43476EjBwFgVrdQRb5bczHQZSQN3mLNcWEs17wWybqfmPl

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا یانەی دهۆک چاودێری ئیبراهیم غازی دەکات و دەیەوێت هێرشبەرەکەی پێشووی خۆی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان بگەڕێنێتەوە ریزەکانی، بەڵام ئەو کوڕە باڵەکە لەبارەی داهاتووی خۆی دەڵێت :’من لە حدوود زۆر ئاسوودەم چونکە لێرە زۆر گرنگیم پێدەدەن، من پێشتر لە دوو یانەی کوردستانی یاریم کردووە، وەکو ئێرە ئاسوودە نەبووم، بۆیە نازانم لە داهاتوو چی روودەدات، بەڵام ئامانجمە لەدوای جامی ئاسیاش هەر لە یانەکەم بمێنمەوە ئەگەر هیچ شتێک روونەدات’.

ئیبراهیم غازی ساڵی 2000 لە دەڤەری باڵەکایەتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەدایکبووە، لە ریزی یانەکانی سۆران و هەڵۆ و دهۆک و نەورۆز یاریی کردووە، هاوینی رابردوو بەرامبەر نزیکەی 60 ملیۆن دینار پەیوەندی بە ریزەکانی حدوود کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button