عەلی بلەیهی دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵسوکەوتەکانی بەرامبەر مێسی، لە سعوودیە هەمان هەڵسوکەوتی بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووبارە کردەوە، لەوانەیە ئەم بەرگریکارە سعوودیە لەو بەرگریکارە دەگمەن و بەبەختانە بێت بەمشێوەیە رووبەڕووی ئەو دوو ئەفسانەیە وەستابێتەوە.
عەلی بلەیهی بەرگریکاری هەڵبژاردەی سعوودیە و یانەی هیلال ساڵی رابردوو لە یەکەم یارییان لە مۆندیالی 2022 بەرامبەر ئارجێنتینا هێرشی کردە سەر مێسی و بە قسەکردن هەوڵیدەدا لیۆ تووڕە بکات، کە لەو یارییەدا بەرگریکارە سعوودیەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد 2-1 لە ئارجێنتینایان بردەوە و رێگایان نەدا مێسی گۆڵ بکات.
عەلی بلەیهی پێشتر ئەو قسانەی ئاشکراکردبوو کە لە مۆندیال بە مێسی گوتبوون، بەرگریکارە سعوودییەکە دەڵێت دوای گۆڵی دووەم چوومە لای و بە لیۆم گوت ‘ئەگەر سێ بۆ چوار جاری دیکەش بەرامبەر ئێمە یاریی بکەن، هەرگیز ناتوانن لێمان ببەنەوە’.
ئێوە هەرگیز ناتوانن لە ئێمە ببەنەوە، ئەگەر سێ چوار یاریی دیکەش بکەین، هەر ناتوانن لێمان ببەنەوە.
عەلی بلەیهی دوای تێپەڕبوونی 12 مانگ و 9 رۆژ بەسەر هەڵسوکەوتەکانی بەرامبەر مێسی، لە خولی رۆشنی سعوودی لە گەڕی پازدەم لە یاریی دێربی ریاز هەمان ئەو هەڵسوکەوتانەی بەرامبەر مێسی کردی، بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووبارەی کردنەوە، بەرگریکارەکەی هیلال نەیهێشت کریستیانۆ گۆڵیان لێبکات و بە سێ گۆڵی خاوێن لە نەسڕیان بردەوە.
گەرچی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهیچ شێوەیەک وەڵامی بلەیهی نەدەدایەوە، بەڵام بەرگریکارەکەی هیلال بەردەوام هەوڵی دەدا بە هەڵسوکەوتەکانی و قسەکانی دۆن تووڕە بکات و بیشڵەژێنێت.
هەرچەندە بلەیهی لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەی هیلال و نەسڕ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، بەڵام ئەو بەرگریکارە بووەتە جێگای شانازیی سعوودییەکان و بە باشترین بەرگریکاری ئەم سەردەمەی هەڵبژاردەکەیان دەزانن.