وادەی گەڕانەوەی ڤیکتۆر ئۆزیمن راگەیەندرا
یاریگا-ڤیکتۆر ئۆزیمن نزیکە لە گەڕانەوە بۆ یاریگاکان پاش دابڕان لە ریزەکانی ناپۆلی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک.
گۆڵکارەکەی ناپۆلی لە 13ی مانگی رابردوو دا لەگەڵ هەڵبژاردەی نێجیریا تووشی پێکان هات و بەو هۆیەوە لە کۆتا پێنج یاری یانەکەی دابڕاوە.
بەگوێرەی ئیل ماتیۆی رۆژنامەنووسی توتۆ مێرکاتۆ وێب، ئۆزیمن ووردە ووردە مەشقەکانی نێو یاریگای دەستپێکردووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت دوای پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان بگەڕێتەوە یاریگاکان و بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئەتەلەنتا لە 25ی ئەم مانگە ئامادەبێت.
دوای تەنها چوار رۆژ لەو یارییەش، ناپۆلی رووبەرووی ریاڵ مەدرید دەبێتەوە لە خولی پاڵەوانەکان و یانەکە دەیەوێت ڤیکتۆر لە پێکهاتەی سەرەکیدا بێت.
ناپۆلی و ئۆزیمن لە هەمان ئاستی وەرزی پێشوودا نین و یانەکە لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئیتاڵی دێت، هێرشبەرە نێجیرییەکەش لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تەنها شەش گۆڵی تۆمارکردووە.