ئینگلتەرا

بژاردەکانی شوێنگرەوەی تێن هاخ دەست نیشان دەکرێن

یاریگا –

جولیان لۆپێتیگی و ئونای ئیمری، ئەو دوو راهێنەرەن کە وەکوو بژاردەیەکی سەرەکی بۆ جیگرتنەوەی ئێریک تێن هاخی راهێنەری مانچێستەر یونایتد دەستنیشان کراوەن ئەگەر یانەکە بییەوێت لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر مانچێستەر یونایتد بە سێ گۆڵ لە دێربی مانچێستەر بە مانچێستەرسیتی دۆڕا، شەوی رابردووش لە ئۆڵدترافۆرد، لە جامی کاراباو بەهەمان شێوە بەرامبەر نیوکاسڵ بە ئەنجامی 0-3 شکستی خوارد و لە پاڵەوانەتییەکە دوورخرایەوە.

تێن هاخ وەرزی رابردوو ئاستێکی قبوڵکراوی لە یونایتد پێشکەش کرد و توانی ببێتە پاڵەوانی جامی کاراباو هەروەها ئەم تیپە بگەیەنێتە یاری کۆتایی جامی یەکێتی ئینگلتەرا و پشکی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەمساڵ شەیتانە سوورەکان لە پلەی هەشتەمی پرێمەرلیگ دان و چانسی زۆریان بۆ سەرکەوتنی قۆناغی هەشتەمی چامپیونزلیگ کەمە و لە پاڵەوانەتیەکیش دوورخروانەوە.

ئەمڕۆ پێگەی ئاس نوسیویەتی، بەم مەرجانە ئەگەری دوورخستنەوەی تێن هاخ هەیە و سەبری بەڕێوەبەرەکان بە شکستێکی تر تەواو دەبێت و بڕیاری دەرکردنی بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەدەن. بەگوێرەی ئەم راپۆرتە، بەڕێوبەرانی یونایتد جۆلیان لۆپێتیگی و ئونای ئێمریان کردووەتە ئامانج بۆ پڕ کردنەوەی شوێةی تێن هاخ.

لۆپێتیگی لە وۆڵڤەرهامپتۆن ئاستێکی باشی پێشکەش کرد، بەڵام لەم هاوینەدا دەستی لەکارکێشایەوە و لە ئێستادا سەرکردایەتی هیچ یانەیەک ناکات. ئۆنای ئێمریش ساڵی رابردوو پەیوەندی بە ئەستۆن ڤێلا کرد و توانی ئەنجامی زۆر باش لەگەڵ ئەم تیپەدا بەدەست بهێنێت. ڤیلا لە ئێستادا لە پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگدا دێت و یارییەکانی بە ئاستێکی زۆر سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مانچێستەر یونایتد لە ئەگەری دوور خستنەوەی تێنهاخ، پێویستە زیاتر لە 17 ملیۆن یۆرۆ وەک قەرەبوو بداتەوە راهێنەرەکەی، بەڵام ئەمەش نابێتە رێگر لەبەردەم دوورخستنەوەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button