ئینگلتەراگرنگترین

سەیرکردنی یاری کلاسیکۆ لە بەریتانیا قەدەخە دەکرێت

یاریگا –

هەوادارانی تۆپی پێ لە بەریتانیا، ناتوانن سەیری یاری کلاسیکۆی جیهان لە نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید بکەن.

یاساییەکی سەیر لە بەریتانیا لە رۆژانی شەممە و لە کاتێکی دیاریکراودا پەیڕەو دەکرێت. بە گوێرەی یاساکە بێت، هیچ یارییەکی تۆپی پێی لە کاتژمێرەکانی نێوان 4:45ی ئێوارە تاوەکو 7:15ی ئێوارە بە کاتی هەولێر لە شاشەکانی تەلەڤزیۆن بگوازرێتەوە.

ئەمە تەنیا یارییەکانی پرێمەرلیگ ناگرێتەوە، بەڵکو یاری خولەکانی سێریا ئەی، لالیگا و بۆندسلیگاش دەگرێتەوە. چونکە یاسای ژمارە 48ی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، رێگە بە یەکێتییە خۆجێییەکان دەدات، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو، رێگە لە گواستنەوەی یاری راستەوخۆ بگرن.

بیرۆکە سەرەکییەکە بۆ قەدەخەکردنی پەخشی راستەوخۆی یارییەکان لەو کاتەدا بۆ هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە، ئەویش پاراستن و زیادکردنی ژمارەی هاندەرانە لە یاریگاکاندا. چونکە رۆژانی شەممە (لەگەڵ یەکشەممە) بە پشووی فەرمی بەریتانیا دادەندرێت، ئەگەر کەناڵەکان یارییەکان بگوازنەوە، مەترسی لەسەر ژمارەی ئامادەبووان لە یاریگاکان دروست دەبێت. ئەمەش ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر رێژەی فرۆشی بلیت و چەندین لایەنی دیکە دەبێت.

هەوادارانی بەریتانیا لەگەڵ ئەم دۆخە راهاتوون، چونکە لە ساڵی 1987 کاتێک کەناڵی ITV مافی گواستنەوەی یارییەکانی خولی ئینگلیزی کڕیەوە، لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا رێککەوتن، یارییەکان لەو ماوەیەدا پەخش نەکرێت، تاوەکو پارێزگاری لە رێژەی ئامادەبوونی هاندەران بکەن. واتە لە بەریتانیا لەگەڵ یارییەکانی پرێمەرلیگ راهاتوون، بەڵام ئەمجارە کلاسیکۆ لە کاتێکی هەستیاردا دەکرێت، ئەمەش وایکردووە نیگەران بن.

رۆژنامەی ئاس لە زاری کیگن پیرس، بەڕێوەبەری گشتی لالیگا لە بەریتانیا و ئێرلەندا نوویسیویەتی

زۆر نیگەرانین، چونکە هەوادارانی بەریتانی ناتوانن سەیری کلاسیکۆ و یەکەم بەشداری بێڵینگهام لە کلاسیکۆدا بکەن. ئەمەش بەهۆی یاساکانی تایبەت بە وڵاتەکەوە. هەرچەندە ئێمە بە تەواوی پاڵپشتی لە پاراستنی رێژەی هاندەران لە یاریگاکانی بەریتانیا دەکەین، بەڵام پێمان وایە ئەم یاسایە نابێت یاری خولە بیانییەکان بگرێتەوە.

یاری کلاسیکۆی جیهان، شەممەی داهاتوو کاتژمێر 17:15 بە کاتی هەولێر لە یاریگای مۆنجویک بەڕێوەدەچێت، تۆڕی وەرزشی یاریگا رووماڵێکی فراوانی رووداوەکە دەکات.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button