ئیتاڵیا

خاوەنی ناپۆلی هێرش دەکاتە سەر کەناڵە تەلەڤیزیۆنەکان

یاریگا –

ئۆریلیۆ دی لۆرنتیس خاوەنی یانەی ناپۆلی ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر گواستنەوەی مافی تەلەڤزیۆنی بۆ یارییەکانی خولی ئیتاڵیا لە کەناڵەکانی دازن و سکای سپۆرت.

ئۆریلیۆ دی لۆرانتیس خاوەنی یانەی ناپۆلی رایگەیاند کە تۆپی پێی ئیتاڵیا لە دوای ئەوەی کەناڵەکانی DAZN و SKY مافی پەخشکردنی راستەوخۆی یارییەکانی سێریا ئەی یان وەرگرتووە بۆ 5 وەرزی داهاتوو، دەمرێت!

دوای چوار مانگ دانوستان، رۆژی دووشەممە یانەکانی خولی ئیتاڵیا لە میلانۆ کۆبونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دوا پێشنیارەکانی DAZN و SKY بکەن، کە تا کۆتایی وەرزی 2028-2029 ساڵانە نزیکەی 900 ملیۆن یۆرۆ داهاتیان دەبێت.

لە کۆی 20 یانە لە خولی نایابی ئیتاڵیا 17 یانە پاڵپشتی ئەم پێشنیازەیان کرد. ئەم بڕیارە لەلایەن دی لۆرانتیس خاوەنی ناپۆلی بە توندی دژایەتی کرا. لەمبارەیەوە گوتی:

ئەوە شکستە بۆ تۆپی پێی ئیتاڵیا، کە بەم پێشنیازانە دەمرێت، سکای و دازن شایستەی گواستنەوەی ئەم یارییانە نین بەباشی سێەیا ئەی بەرەوپێش نابەن.

مافی پەخشی تەلەڤزیۆن لە خولی ئیتاڵیا نیوەی داهاتی تیپەکان و ڕێکخراوی خولەکە دابین دەکات. بەپێی گرێبەستی ئێستای سێ ساڵە کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتایی پێبێت، سێریا ئەی ساڵانە نزیکەی 930 ملیۆن یۆرۆ لە فرۆشتنی مافی تەلەفزیۆنەکان لە ئیتاڵیا داهات وەردەگرێت، تا ئێستاش کۆمپانیای DAZN گەورەترین پشکی هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button