ئیتاڵیا

یاریزانێکی میلان بێسەروشوێنە

یاریگا –

ئێمیل رۆباک، هێرشبەرێکی تەمەن 20 ساڵە و گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئەیسی میلان هەیە و ئێستا بە خواستن لە یانەی ئیفک نۆرکۆپینگ یاری دەکات، بێسەروشوێن بووە و ماوەی دوو هەفتەیە وەڵامی پەیوەندییەکانی خێزانەکەی و بەڕێوەبەرانی یانەکەی نەداوەتەوە.

ئێمیل رۆباک، کە بڕیار بوو لە ئەی سی میلان شوێنی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ بگرێتەوە، لە ماوەی 14 رۆژی رابردووەوە بێسەروشوێنە.

لە وەرزی 2020-2021، ئیمیل رۆباک لە یانەی هاماربی سویدی (یانەیەک کە خاوەنەکەی زلاتانە) بە بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار یۆرۆ لە رێگەی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەفسانەی یانەی میلانەوە چووە میلانۆ. وەرزی یەکەم و دووەمی لە ئیتاڵیا لە تیپی لاوان و چەند یارییەکی کەم لە تیپی یەکەمی میلان یاری کرد، بەڵام نەیتوانی لە ئاستی چاوەڕوانکراو پێشکەش بکات.

یانە میلانییەکە وەرزی رابردوو بڕیاریدا بە خواستن بیدات بە یانەی نۆردسیلاند دانیمارکی. ئێمیل لەوێ تەنها یەک یاری ئەنجامدا و دواتر بە خواستن رەوانەی یانەی نۆرکۆپینگی سوید کرا کە تیپی زێدی خۆیەتی. ئەو گەڕایەوە زێدی خۆی تاوەکوو جارێکی تر ئاستی بەرز بێتەوە بەڵام ئەوە رووینەدا.

تۆنی مارتینسۆن، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی نۆرکۆپینگ نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دیار نەمانی یاریزانە لاوەکە دەربڕی کە چەند رۆژێکە بێسەروشوێنە و دەڵێت:

دەمەوێت بزانم باشە یاخود نا. جێگای نیگەرانییە کە ناتوانین پەیوەندی پێوە بکەین، بەڵام نازانم چیتر دەتوانین بیکەین. زۆر جار هەوڵم داوە قسەی لەگەڵ بکەم، بەڵام گەیشتن پێی ئەستەمە.
داوای هاوکاری هەموو لایەک دەکەم بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەرێک بدۆزینەوە کە یارمەتیدەری هەمووان بێت.

هەروەها گوتی:

هیوادارم بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە قورسە، چونکە 14 رۆژە نەمانبینیوە و دیار نەماوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button