یاریزانێکی یوڤێنتوس تۆمەتبار دەکرێت
یاریگا –
نیکۆلۆ فاگیۆلی،یاریزانە ناوەڕاستکارەکەی یانەی یوڤێنتوس بە تۆمەتی گرەو کردن لەسەر یارییەکانی خولی سێریا ئەی لە پلاتفۆرمە نایاساییەکان تۆمەتبار کرا.
میدیاکانی ئیتاڵیا کاتژمێرێک پێش ئێستا ئەم هەواڵەیان بڵاو کردەوە کە، فایگیۆلی رووبەڕووی تۆمەتێکی جددی دەبێتەوە لەلایەن داواکاری گشتیی تۆرینەوە، کە رەنگە ببێتە هۆی سڕ کردنی و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە یاریگا دوور بخرێتەوە.
داواکاری گشتی تۆرین لێکۆڵینەوەی لەسەر بابەتی گرەو کردن لەسەر تۆپی پێ لە پلاتفورمو نایاساییەکان دەست پێکردووە و لەم ماوەیەدا بە وردی دەستیان بە چەند داتا و گواستنەوەی پارە جۆراوجۆرەکان لەم پلاتفۆرمانە گەیشتووە. لەم نێوەندەدا، لە کاتی لێکۆڵینەوەکان ناوی فاگیۆلیان بەرچاو کەوتووە کە وەک یەکێک لەو کەسانەی لەم پلاتفۆرمانەدا گرەویان کردووە ناسێندرا و ئێستا لێکۆڵینەوەکە لە داواکاری گشتیی تۆریندا بەڕێوە دەچێت.
یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا لە 30ی ئابەوە لەم رووداوە ئاگادار بووەتەوە، لە لایەن ئەوانیشەوە دوای لێدوانەی پارێزەرەکانی ئەو یاریزانە دۆسیەیەکی نوێ کراوەتەوە.
بەپێی یاساکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا، گروە کردن و قومار کردنی یاریزانەکان لەسەر یارییە فەرمییەکان لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەم وڵاتە و یوفا و فیفا قەدەغەکراوە و ناتوانن بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هیچ گرەوێک لەسەر ئەو یارییانە بکەن.
گەر فاگیۆلی لەم دۆسیەیەدا تاوانبار بکرێت و تۆمەتەکەی بسەلمێنرێت، ئەگەری ئەوە هەیە زیاتر لە 25 هەزار یۆرۆ سزا بدرێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ یاریکردنی لێ قەدەغە بکرێت.