ئاسیاگرنگترین

ئێرانیەکان چۆن پێشوازی لە بێنزێما دەکەن؟

یاریگا –

رۆژی دووشەممە یانەی سێپاهانی ئێران لە چوارچێوەی هەفتەی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا میوانداری یانەی ئیتیحادی سعودیی لە یاریگای نەخشێ جەهان لە ئیسفەهان دەکات.

رکابەرەکەی سێپاهان لە رۆژی دووشەممەدا ئەستێرەیەکی گەورەی وەک کەریم بێنزێما و کانتێی هەیە، بەڵام دەنگۆکان باسی ئەوە دەکەن کە بێنزێما بەهۆی پێکانەوە سەفەری ئێران ناکات و ناتوانێت لەم یارییەدا یاوەری تیپەکەی بکات.

بڕیارە شاندی یانە سعودییەکە سبەی بەرەبەیان گەشتی ئیسفەهان بکەن و لە هۆتێل پارسیان کەوسەر کە یەکێکە لە هۆتێلە گرانبەهاکانی شارەکە بمێننەوە. میدیا ئێرانیەکان باس لەوە دەکەن کە هەرچەندە بێنزێما لەو گەشتەدا ئامادە نابێت بەڵام هاوڵاتیانی ئێرانی لەچەند رۆژ لەمەوبەرەوە لەم هۆتێلەدا ژۆریان گرتووە و ئێستا ژووری بەتاڵ دەست ناکەوێت و بەڕێژەیەکی بەرچاویش نرخی یەک شەو مانەوە لەم هۆتێلە زیادی کردووە.

فرۆشتنی بلیتی یاری نێوان تیپی سێپاهان و ئیتیحادی سعودی دەستیپێکردووە، لەکاتێکدا هیچ بلیتێک بە هاندەرانی ئافرەت نافرۆشرێت و سەرجەم کورسییەکان بۆ پیاوان تەرخانکراوە!

بەگوێرەی زانیارییەکانی یانەی سێپاهان، نرخی بلیتی سەیرکردنی یارییەکە لە 6 دۆلارەوە دەست پێدەکات، تاوەکوو ئێستا 7 هەزار بلیت فرۆشراوە لە کاتێکدا یاریگاکە 75 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت.

یانەی سێپاهان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی یاریزانەکانی لە شاری ئیسفەهان داوای پشتیوانی هاندەرانی کردووە تاوەکوو لە یاریگادا ئامادە ببن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە یارییەکەی نێوان پێرسپۆلیس و نەسر، هەموو سەرنجەکان لەسەر ئامادەبوونی کریس رۆناڵدۆ بوو لە تاران، زۆرێک لە تابلۆکانی شارەکە بۆ پێشوازیکردن لە نەسر تەرخان کرابوون، بەتایبەتی رۆناڵدۆ. بەڵام سێپاهان بەبێ گوێدانە ئامادەبوونی بێنزێما، هەوڵی بەرزکردنەوەی ورەی یاریزانەکانی خۆی دەدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button