ئیسپانیا

دیکۆ: دڵنیایی لە مانەوەی جواوەکان ناکەم

یاریگا –

دیکۆ بەڕێوبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنا ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا زووە دڵنیایی مانەوەی جواو فیلیکس و جواو کانسێلۆ لە بارسێلۆنا بکات.

دوای یەکسانبوونی بارسێلۆنا لەگەڵ مایۆرکا بە ئەنجامی 2-2، دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا باسی لە دۆخی ئێستای تیپی کەتەلۆنیەکە لە لالیگا کرد، هەروەها باسی درەوشاوەیی جواو فیلیکس و کانسێلۆی کرد. بێگومان دوێنێ شەو جواوەکانی بارسا بە پێچەوانەی یارییەکانی پێشووەوە کاریگەریەکی ئەوتۆیان نەبوو.

دیکۆ سەبارەت بە دۆخی بارسێلۆنا گوتی:

سەیرکە لالیگا درێژە و دەبێت لە یارییەکانی داهاتوودا خاڵی تەواو بەدەست بهێنین. لە یارییەکەی پێشوودا بەرامبەر سێڵتاڤیگۆ گەڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشمان هەبوو، بەڵام ئەوە بانگەوازێکی بەئاگابوونەوە بوو چونکە تا خولەکی 81 دوو گۆڵ لە دواوە بووین. دەبێت زیاتر وریا بین. بەداخەوە چەند یارییەکدا لە گیمی سەرەتادا گۆڵێکمان لێدەکرێت و دواتر هەوڵدەدەین قەرەبووی بکەینەوە. ئەم پرۆسەیە دەبێت بگۆڕدرێت”.

دیکۆ سەبارەت بەو دوو ئەستێرە نوێیە پورتوگالیەی بارسێلۆما گوتی:

گواستنەوەکەیان بڕیاری کۆتایی چاڤی بوو، هەروەها ئەویش بەرپرسیارە لە هاتنی ئەم دوو یاریزانە. نەک هەر ئەوان، بەڵکو گوندۆگان، رۆمیۆ، ئینیگۆ هەموو ئەوانەی ئەمساڵ هاتوون، دۆخیان باشە. بێگومان هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵسەنگاندنی کڕینە نوێیەکان.

ئێمە جواوەکانمان بە خواستن وەرگرتووە و ئەمە تاکە رێگە بوو بۆ راکێشانیان. هێشتا ناتوانم دڵنیایی ئەوە بدەم کە ساڵی داهاتوو لەگەڵمان دەمێننەوە و دەبێت بزانین دۆخی دارایی چۆن دەبێت. من فێلیکس لەو کاتەوەی کە لە پورتوگال دەستی بە یاریکردن کردووە دەناسم. هەمیشە یاریزانێکی جیاواز بووە. خۆشحاڵم کە ئەو لەگەڵمانە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button