راپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەفتەیەکی دراماتیکی لە تۆپی پێی ئەوروپا… یامال گەوهەرە و کەین ناوەستێندرێت

یاریگا –

تۆپی پێی ئەوروپا جارێکی دیکە دەدرەوشێتەوە، یارییەکانی ئەم هەفتەی خولەکانی پرێمەرلیگ، لالیگا، بۆندسلیگا، سێریا ئەی و لیگ وەن، پڕبوون لە رووداوی سەرنجڕاکێش.

شەوی هەینی، یارییەکانی ئەم هەفتەیە دەستیپێکرد و چێڵسی یەکەم بردنەوەی لەژێر سەرپەرشتی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ بەدەستهێنا، ریال مەدرید بە سەرکردایەتی جود بێڵینگهام، بەردەوامە لە راماڵینی یانەکانی لالیگا. شەممەش، هەریەکە لە ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد لە دۆخێکی خراپدا بوون. نەڵام تیمەکەی ئێریک تێن هاخ توانی سێ خاڵی یارییەکە لە نۆتینگهام فۆرێست بباتەوە.

یارییەکانی یەکشەممەش سەرسووڕهێنەر بوون، بارسێلۆنا لە یارییەکی دراماتیکیدا لە ڤیاڕیالی بردەوە و پێدەچێت کەس نەتوانێت مانچێستەر سیتی بوەستێنێت، جیا لەمەش لیڤەرپوول بە 10 یاریزان، نیوکاسڵ یونایتدی شۆک کرد.

هاری کەین خۆشترین ساتەکانی لەگەڵ بایرن میونش بەڕێدەکات و خەریکە رێچکە دروستەکە دەدۆزێتەوە.

لامین یامال
لامین یامال لە بەرامبەر ڤیاڕیال

یامال خەریکە دەبێتە پاڵەوانێکی کردەیی بارسێلۆنا

بردنەوەکەی بارسێلۆنا بە ئەنجامی 4-3 بەرامبەر ڤیاڕیال زۆر دراماتیکی بوو؛ حەوت گۆڵ، بڕیاری گوماناوی ئۆفساید و چەندین هەڵەی بەرگریکاران و درەوشانەوەی لامین یامال، دیارترین رووداوەکانی یارییەکە بوون.

یامالی 16 ساڵان، هیچ گۆڵێکی لە یارییەکەدا نەکرد، بەڵام هەموو شتێکی دیکەی بۆ هاوڕێیانی خۆی کرد. دوو گۆڵی بۆ گاڤی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دروست کرد، دوو جار شوتی بەر ستوون کەوت و لە کاتی جێهێشتنی یاریگاش، هاندەرانی ئێستادیۆ دێ لا سێرامیکا، بە چەپڵە رێزیان لە یامال گرت.

بارسێلۆنا لە بەرهەمهێنانی یاریزانی لاو ناوەستێت، پێش یامال هەریەکە لە گاڤی و ئانسو فاتی پێشکەش بە جیهان کرد. هەرچەندە فاتی نەیتوانیوە ئاستێکی جێگیر پێشکەش بکات، بەڵام گاڤی ئێستا یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی ئیسپانیا.

رەنگە قسەکە زۆر یەکلاییکەرەوە نەبێت، بەڵام یامال ئێستا گرنگترین یاریزانی بارسێلۆنایە، یامال ئەو یاریزانەیە دەتوانێت لە کاتی هێرشەکاندا کەسایەتی بۆ بارسا دروست بکات و هێڵی بەرگری یانەی بەرامبەر بشڵەژێنێت.

مانچێستەر سیتی
ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی مانچێستەر سیتی لە دوای گۆڵەکەی ئێرلینگ هالاند، برامۆڵ لەین، شێفیڵد

جارێکی دیکە مان سیتی ناوەستێندرێت؟

مانچێستەر سیتی لە دوای سێ یاری پرێمەرلیگ، بە 9 خاڵ لە پلەی یەکەمدا دێت، بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ رکابەرەکانی. ئەمەش دوای بردنەوەکەی لە شێفیڵد یونایتد، بە ئەنجامی 2-1.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا مانچێستەر سیتی ناوەستێندرێت؟ رەنگە ئەمە پرسیارێکی تاڕادەیەک نالۆژیکی بێت، بەڵام تیمەکەی پێپ گواردیۆلا، تەواو خۆی تۆکمە کردووە و ئامادەیە بۆ وەرزێکی پڕ لە رووداو.

راستە بە درێژایی 38 یاری ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، هەندێ جار لە لووتکەی ئاستدا دەبیت و لە هەندێ یاریش، رەنگە هیچ ئاستێکی باش پێشکەش نەکەیت، بەڵام سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنێت. یانەکانی مانچێستەر یونایتد، ئارسیناڵ، چێڵسی، لیڤەرپوول و نیوکاسڵ یونایتد خۆیان مەڵاس داوە، تاوەکو بتوانن کێبڕکێ لەگەڵ مانچێستەر سیتیدا بکەن.

هەرچەندە ئاستێکی باشیان لە یاریگای برامۆڵ لەین پێشکەش نەکرد، بەڵام توانیان سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنن، کە ئەمە گرنگە بە لای پێپ گواردیۆلاوە.

ئێستا لە پرێمەرلیگ بووەتە باو، مانچێستەر سیتی سەرکەوتن لە یارییەکان بەدەستبهێنێت و یانەکانی دیکەش دویا بکەون.

هاری کەین
ئاهەنگگێڕانی هاری کەین لە بەرامبەر ئۆگسبورگ، ئالیانز ئارێنا

کەس دەتوانێت کەین بوەستێنێت؟

وەرزێکی جیاواز چاوەڕێی هەوادارانی بۆندسلیگا دەکات، ئەنجامی جیاواز دەبینین، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، درەوشانەوەی بەردەوامی هاری کەینە و خۆگونجاندنییەتی لەگەڵ ژیانی میونشن.

ئەستێرەی ئینگلیزی دوو گۆڵی لە یارییەکەی بەرامبەر ئوگسبورگ کە بە ئەنجامی 3-1 تەواو بوو، تۆمار کرد. بایرن میونشن لە دوای رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییەوە، نەیتوانیوە سەرەڕمێکی وەک کەین بدۆزێتەوە، ئێستا یارییەکان بۆ میونشن ئاسانکراون. یانە باڤارییەکە هەموو قورسایی خستووەتە سەر یاریکردنی قووڵ لە هێڵی ناوەڕاستدا. ئەمەش بە پشت بەستن بە تواناکانی کەین کە بووەتە کلیلی سەرەکی بردنەوەکانی میونشن.

کەین لە دوو یاریدا، سێ گۆڵی بۆ میونشن کردووە، چاوەڕێی گۆڵی زیاتر لە ماشێنی گۆڵەکەی لەندەن دەکرێت.

هەرچەندە هەفتەی داهاتوو، یارییەکی قورس چاوەڕێی میونشن دەکات، کاتێک دەبێتە میوانی بۆڕووسیا مۆنشنگلادباخ، بەڵام بەم ئاستە بەرزەی کەین و دوو بردنەوەی لەسەریەک، هاوکێشەکان دەگۆڕێن و بایرن بو ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات.

جود بێڵینگهام
ئاهەنگگێڕانی بێڵینگهام لە بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ

بێڵینگهام بووەتە کاماڤینگاییەکی نوێی ریال مەدرید و بۆشاییەکان پڕدەکاتەوە

لە سەرەتای ئەم وەرزەدا، ریال مەدرید بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕی، ئەوەتا ئاردا گولەر و ڤینیسیۆس جونیۆری بە هۆی پێکان لەدەستداوە، بەڵام هیچ کێشەیەک نییە، ئەوەتا جود بێڵینگهام هەیە و کێشەکانی بۆ کارلۆ ئانچێلۆتی چارەسەر کردووە.

ئەستێرە ئینگلیزییەکە ئاستێکی سەرسووڕهێنەر لەگەڵ یانەکەی مەدرید پێشکەش دەکات، توانی تاکە گۆڵی یارییەکەیان بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ بکات و بە 9 خاڵ، مەدرید لە پلەی یەکەم بهێڵێتەوە.

تواناکانی بێڵینگهام سورپرایز نین، چونکە جود یەکێکە لە باشترین یاریزانانی ئەوروپا و ریال مەدرید لە خۆیەوە زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆی پێنەداوە، بەشێک لە هاندەران پێیان وابوو، بێڵینگهام رۆڵێکی بچووک لەم وەرزەی مەدرید دەگێڕێت، بەڵام ئەوەتا، دوای سێ یاری، بێڵینگهام ئەستێرەی یەکەم و یەکلاکەرەوەی مەدریدە.

لە یارییەکەیان بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، رۆدریگۆ پێناڵتییەکی لەدەستدا و کات بە خێرایی لای هاندەرانی مەدرید دەڕۆیشت. تاوەکو خولەکی 81 هاندەرانی مەدرید چاوەڕێ بوون، کاتێک بێڵینگهام بە سەر تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد و سێ خاڵی پێشکەشی مەدرید کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button