دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر سکاڵا لە سەر ئەو کەسانە تۆمار دەکات کەوا تۆمەت بە یانەکە دەبەخشنەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ ئێوارە کۆمەڵێک یاریزانی کورد ئاگادار کرانەوە کە بۆ وەرزی نوێی خولی پڕۆلیگی عێڕاق له پلانی ڕاهێنەرنین، ئەمەش کاردانەوە و دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بە شێوەیەک چەندین قسە و تۆمەت ئاڕاستەی کارگێڕی یانەکە کرا، بۆیه یانەی هەولێر لە ئاگادار کردنەوەیەکیان بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە:
یانەی وەرزشی هەولێر، تێبینی ئەوەی کردووە ماوەیەکە هەندێك پەیجی نەناسراو و فەیك لە ژێر ناوی یانەی هەولێر یاخود هاندەرانی یانەی هەولێر خەریکی دژایەتی کردنێکی بێ بنەمای یانەکەمانن، تەشهیر و سوکایەتی بە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و پیرۆزییەکانی یانەکەمان دەکەن، کە ئێمە گومان دەکەین دەستێك لە پشت ئەو کارە بێت و مەبەست لێی ناشیرین کردنی یانەی وەرزشی هەولێر بێت..
لێرەوە ئاگاداری هەموو ئەو ئەکاونت و پەیجانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بابەتی لەم جۆرە بڵاودەکەنەوە یاخود ئەو یاریزان و راهێنەر و کەسانەی کە هەڵدەستن بە کارێکی نەشیاوی لەم جۆرە، لە بەیانیەوە رێکاری توندی یاسایی دژی هەموو ئەوانە دەگرینەبەر کە بێڕێزی و سووکایەتیان بە یانەکەمان کردووە، لە داهاتووشدا دژی هەموو ئەوانە دەوەستینەوە کە تۆمەتی ناڕەوا بۆ یانەکەمان هەڵدەبەستن و سووکایەتی و تەشهیر بە یانەی وەرزشی هەولێر دەکەن.