یاریگا –
یانەی قوە جەوییەی عێراقی بڕیاریدا، یارییەکانی خۆی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بگوازێتەوە یاریگای یانەی هەولێر.
بە شێوەیەکی فەرمی یانەی قوە جەوییەی داوایەکی ئاراستەی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا کردووە بۆ ئەوەی رێگەی بدەن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لە یاریگای فەڕەنسۆ هەریری یارییەکانی ئەنجامبدات.
یانە عێراقییەکە بە شێوەیەکی زارەکی رەزامەندی یەکێتییەکەی بەدەستهێناوە، بڕیارە لە ماوەی 7 رۆژی داهاتوو، بە نوسراوەی فەرمی رەزامەندی گواستنەوەی یارییەکانی بۆ پارێزگای هەولێر بەدەستبهێنێت.
قوە جەوییە توانی پلەی دووەمی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی عێراق مسۆگەر بکات، بەهۆی کشانەوەی یانەی شوڕتەی پێشەنگ، قوە جەوییە وەک نوێنەری عێراق بەشداری ئەم وەرزەی چامپیۆزنلیگی ئاسایا دەکات.
هەریەکە لە یانەکانی زەوڕا و کارەبا، بەشداری وەرزی نوێی جامی یەکێتی ئاسیا دەکەن.
وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا لە بەرواری 18/9/2023 دەستپێدەکات، لە بەرواری 18/5/2024 یاری کۆتایی ئەنجامدەدرێت.