10 گرانبەهاترین یاریزانی ئازاد (بێ یانە)
ئەمڕۆ یەکەمی رۆژی وەرزی تازەیە و دوێنێ سەرجەم ئەو یاریزانانەی گرێبەستەکانیان تازەنەکردەوە، ئێستا ئازادن و دەتوانن بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکەن.
زۆر جار یانەکان چاوەڕێی ئەم رۆژە دەکەن تاوەکو بێ بەرامبەر یاریزانێکی باش بگوازنەوە، هەندێکیشیان بەر لە کۆتایی گرێبەستەکەیان بەشێوەی زارەکی لەگەڵ یانەی دیکە رێککەوتوون.
گرانبەهاترین یاریزانە ئازادەکانی ئەمڕۆ بەم جۆرەن :
١- میلان شکرینیار
بەئەگەرێکی زۆرەوە بەرگریکارە بەتواناکانی ئینتەر پەیوەندی بە پاریس سان جێرمانەوە دەکات بەڵام هێشتا هیچ راگەیاندنێکی فەرمی نیە. شکرینیار تەمەنی تەنها ٢٨ ساڵە و بە ئۆفەری ئینتەر بۆ رازیکردنەوەی گرێبەستەکەی رازی نەبوو.
بەها : ٥٠ ملیۆن یۆرۆ
٢- دایچی کەمادا
کەمادای ژاپۆنی یەکێک بوو لە ئەستێرەکانی وەرزی رابردووی بۆندزلیگا لەگەڵ ئینتراخت فرانکفۆرت، ئەویش بڕیاریدا سوود لەو ناوبانگە ببینێت کە پەیدای کردووە تاوەکو یاری بۆ یانەیەکی گەورەتر بکات. نزیکترین یانە لەو یاریزانە لە ئێستادا ئەیسی میلانە.
تەمەن : ٢٦ ساڵ
بەها : ٢٧ ملیۆن یۆرۆ
٣- مارکۆ ئاسێنسیۆ
ئاسێنسیۆی ئیسپانی دوای ساڵانێکی زۆر ریاڵ مەدریدی جێهێشت و هەر لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرز دا، یانەکەی رێگەی پێدا بۆ یانەیەکی دیکە بگەڕێت. ئەمیش هاوشێوەی شکرینیار بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەیوەندی بە پاریس سان جێرمانی فەڕەنسییەوە دەکات.
تەمەن: ٢٧ ساڵ
بەها: ٢٥ ملیۆن یۆرۆ.
٤-ویڵفرێد زاها
زاها ماوەی هەشت ساڵە یاری بۆ کریستاڵ پاڵاس دەکات، ئەوکاتەی تەمەنی لاوتر بوو چانسی ئەوەی هەبوو یاری بۆ یانەیەکی گەورەی پریمەرلیگ بکات بەڵام مانەوەی لە یانەکەی هەڵبژارد. بەهۆی دابەزینی ئاستی، چیتر ئامانجی یانە دیارەکان نیە و ئامادەش نەبوو ئەمجارەیان گرێبەستەکەی لەگەڵ کریستاڵ تازەبکاتەوە، هەرچەندە هێشتا یەکێک لە بژاردەکانی مانەوەیەتی لە یانەکەی خۆی.
تەمەن: ٣٠ ساڵ
بەها: ٢٢ ملیۆن
٥- جۆناسان بامبا
بامبا هێرشبەری باڵی لیلی فەڕەنسییە و ئەویش دوای پێنج ساڵ یانە فەڕەنسییەکە جێدەهێڵێت. لەلایەن یانەکانی فیۆرەنتینا، ریاڵ بیتس و مارسیلیاوە گرنگی پێدراوە بەهۆی خێراییەکەی و هەروەها تەمەنەکەی.
تەمەن : ٢٧ ساڵ
بەها: ٢٠ ملیۆن یۆرۆ
٦- رۆبێرت فیرمینیۆ
فێرمینیۆی ئەستێرەی سەردەمی زێڕینی لیڤەرپوول نزیکە لە پەیوەندیکردن بە سعوودییەوە بەڵام تا ئێستا نەبووەتە فەرمی و هێشتا هەر یاریزانێکی ئازادە.
تەمەن: ٣١ ساڵ
بەها: ١٨ ملیۆن
٧- بێن دیاز
بێن یاریزانی بلاکبێرن رۆڤەرزی ئینگلیزییە و لە بەرزترین پلەی خولەکاندا یاری ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی خاوەنی ٤٥ گۆڵە لە ١٤٤ یاریدا بۆ یانەکەی خواستی لەسەرە. دەرچووی ئەکادیمیای مانچێستەر یونایتدە و و یاریزانی هەڵبژاردەی چیلییە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە گواستنەوەی بۆ ڤیاریاڵی ئیسپانی یەکلابووەتەوە.
تەمەن: ٢٤ ساڵ
بەها: ١٦ ملیۆن
٨- چاگلار سۆیونچو
سۆیونچوی بەرگریکاری لێیستەر سیتی بە یەکێک لە خوازراوترین بەرگریکارەکانی جیهان دادەنرا بەر لە دوو ساڵ. بەڵام بەهۆی دابەزینی ئاستی لێیستەر و خودی یاریزانەکەش چیتر ئەو گرنگییەی جارانی پێنادرێت و وەرزی رابردووش تەنها لە ٧ یاریدا بەشداری کرد. سۆیونچو لەلایەن ئەتڵەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی گرنگی پێدراوە، ئەگەر ئەویش سەری نەگرت رەنگە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و یاری بۆ گالاتەسەرای بکات.
تەمەن : ٢٧ ساڵ
بەها : ١٥ ملیۆن یۆرۆ
٩- ئێلیس سخیری
سخیری تونسی یاریزانی کۆڵنی ئەڵمانی بوو تا دوێنێ. ناوبراو ناوەڕاستکارە و هاوکات یاریزانی هەڵبژاردەی تونسە. لەلایەن یانەکانی سیڤیلیا، لیۆن و میلانەوە گرنگی پێدراوە.
تەمەن : ٢٨ ساڵ
بەها: ١٣ ملیۆن یۆرۆ
١٠- دەیڤد دی خیا
دی خیا و مانچێستەر یونایتد رێککەوتبوون لەسەر تازەکردنەوەی گرێبەستەکەی و تێیدا گۆڵپارێزە بە ئەزموونەکە رازی بوو مووچەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە بەڵام یانەکەی پاشگەزبووەوە و تا ئێستا بڕیاری کۆتاییان نەداوە ئەو گۆڵپارێزە دەهێڵنەوە یاخود نا.
تەمەن :٣٢ ساڵ
بەها: ١٣ ملیۆن یۆرۆ
دیاری
١٠- ئینیگۆ مارتینێز
ئینیگۆی بەرگریکاری مێژوویی ئەتلەتیک بلباو زۆر نزیکە لە بارسێلۆنا بەڵام هێشتا هیچ شتێکی فەرمی نیە و لە بازاڕی گواستنەوەی ئازاد دایە.
تەمەن : ٣٢ ساڵ
بەها : ١٠ ملیۆن یۆرۆ