ئاسیائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

پێرێز چ ئۆفەرێکی خستووەتە بەردەم بێنزێما؟ ئایا دەچێتە سعودیە؟

یاریگا –

کەریم بێنزێما، ئەستێرەی ریال مەدرید تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی لەبارەی داهاتووی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.

دەنگۆکانی گواستنەوەی بێنزێما بۆ سعودیە رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەبن، هەرچەندە بێنزێما لە دوا دەرکەوتنیدا، خۆی وەک یاریزانێکی مەدرید ناساند و هیچ باسی جێهێشتنی قەڵای سپی نەکرد.

پێگەی فووت مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، بێنزێما رۆژی چوارشەممە رابردوو بە کارلۆ ئانچێلۆتی راگەیاندووە، دەیەوێت بچێتە خولی سعودی، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک بدرکێنێت.

فووت مێرکاتۆ روونیکردووەتەوە، ئانچێلۆتی بڕیارەکەی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید گەیاندووە و ئەمەش وایکردووە، زوو هەوڵ بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بکەن، بەڵام پێش ئەمە، پێرێز ئۆفەرێکی خستووەتە بەردەم کەریم و پێی گوتووە، لە دوای تەواوبوونی کاروانی وەرزشییەکەی، رۆڵێکی گەورەی لە دەستەی کارگێڕی یانەکە پێدەدات، بەو مەرجەی ئێستا لە مەدرید بمێنێتەوە.

کەریم بێنزێما، تاوەکو ئێستا وەڵامی هیچ داواکارییەکی ریال مەدریدی نەداوەتەوە و خەریکە هەڵسەنگاندن بۆ ئۆفەری ئیتیحادی سعودیە دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی فووت مێرکاتۆ، بێنزێما رێککەوتنی زارەکی لەگەڵ یانە سعودییەکە هەیە، بەڵام هیچ گرێبەستێکیان واژۆ نەکردووە.

ئەستێرە فەرەنسییەکە چاوەڕێی کۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی لالیگایە، بۆ ئەوەی بە تەواوی خۆی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی مانەوە یاخود رۆیشتنی بکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button