یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاشكرایانكرد، ماتیۆ ئەلیمانی دەیەوێت لە پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەردەوام بێت.
چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایانكرد كە ئەلیمانی نزیكە لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی و دیكۆ جێگای دەگرێتەوە و وەك بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا دەستبەكار دەبێت.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەی سپۆرت ئەلیمانی لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆكی بارسێلۆنا كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی پێشنیاری مانەوە و بەردەوام بوون لە پرۆژەكەی بارسا بكات.
رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئەلیمانی بە بڕیارەكەیدا چووەتەوە و رای خۆی گۆڕیوە چونكە پێی وایە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پڕۆژەكەی كە دوو ساڵ پێش ئێستا دەستی پێكردووە و وا هەست دەكات كە هی خۆیەتی، دەیەوێت بەردەوام بێت و ئەوەی دەستیپێكردووە تەواوی بكات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەلیمانی خواستی خۆی بۆ مانەوە بەلاپۆرتا راگەیاندووە و دەیەوێت بەردەوام بێت، بە بێ ئەوەی داوای موچەی زیاتر بكات و بە هەمان موچەی پێشتر بەردەوام دەبێت.
هەروەها جیرارد رۆمێرۆ رۆژنامەنووسی باوەڕپێكراو و نزیك لە یانە كەتەلۆنییەكە لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی: دەمێنێتەوە.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی و شارەزا لە بواری گواستنەوەی یاریزانان لە ئەوروپا لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی: ئێستا بڕیارە ماتیۆ ئەلیمانی لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە، بیرۆكەی خۆی گۆڕی دوای ئەوەی بە شێوەیەكی فەرمی راگەیەندرا كە بارسێلۆنا جێدەهێڵێت، ئەلیمانی رێككەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا هەبوو بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەكی لەو بارەیەوە واژۆ نەكرد.