ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید لەم هاوینە سێیەم گالاکتیکۆس دەکات

ئامانجی یانەکە جیا لە بیلینگهام، ئێمباپێ و دەڤزیشە

Yariga App

یاریگا –

ئامانجی ریال مەدرید ئەوەیە لەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ سیانەی بێڵینگهام، ئێمباپێ و دەیڤز واژۆ بکات،

رۆژنامەی سکای سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، یانەی ریال مەدرید دەیەوێت لەم هاوینە بە گەرمی بەشداری بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بکات، ئامانجییەتی جیا لە جود بێڵینگهام، گرێبەست لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ و ئالفۆنسۆ دەیڤزیش واژۆ بکات.

لە سەرەتای مانگی رابردوو بڵاوکرایەوە، کە ریال مەدرید و بیڵینگهام گەیشتوونەتە رێککەوتن و یاریزانەکە لەم هاوینە پەیوەندی بە یانەکە دەکات، بەڵام بەرپرسانی بۆڕووسیا دۆرتمۆند ئەم هەواڵەیان رەتکردەوە، رایانگەیاند هیچ ئۆفەرێکی ریال مەدریدیان بۆ نەهاتووە.

بەڵام بەپێی زانیارییەکانی سکای سپۆرت هۆکاری کشانەوەی یانەی لیڤەرپوول لە گرێبەستکردن لەگەڵ بێڵینگهامدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یاریزانەکە ریال مەدریدی هەڵبژاردووە و لەم هاوینە پەیوەندی بەو یانەیەوە دەکات.

بەپێی هەمان سەرچاوە، یانە ئیسپانییەکە هەموو هەوڵێک دەدات لەم هاوینە گرێبەستی ئێمباپێ یەکلایی بکاتەوە، کیلیان لە هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێکردەوە بۆ ماوەی 2 وەرز، بژاردەی ئەوەشی خراوەتە بەردەم بۆ ساڵێکی تریش گرێبەستەکەی بەردەوامی پێبدات.

بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە ئینگلیزییەکە، ئەستێرە فەڕەنسییەکە بژاردەی ساڵی سێیەمی گرێبەستەکەی کارا ناکات، بەم هۆکارەش دەتوانێت لە مانگی یەکی 2024 رێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ ریال مەدرید ئەنجامبدات، بەڵام ریال رەنگە تا ئەوکات چاوەڕوان نەبێت و هەر لەم هاوینە گرێبەستەکە یاکلایی بکاتەوە.

ئامانجی سێیەمی ریال مەدرید لەم هاوینە گواستنەوەی بەرگریکارێکی باڵی چەپە بەهۆی دابەزینی ئاستی فێرلان مێندی و پێکانە لەسەر یەکەکانی، یانەکە دەیەوێت لەم هاوینە دەستبەرداری ببێت.

بەپێی سکای سپۆرت مێرێنگی بۆ شوێنگرەوەی مێندی چاوی لە بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، ئالفۆنسۆ دەیڤزە، هەرچەندە ئەو یاریزانە بە “نەفرۆشراو” وەسفکراوە لەلایەن بایرن، بەڵام یانەکە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

گرێبەستەکەی دەیڤز لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، ریال مەدریدیش سوورە لەسەر ئەوەی بیگوازێتەوە ریزەکانی یانەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوان دەکرێت یانە ئیسپانییەکە ئۆفەرێکی رازیکەر پێشکەش بە باڤارییەکان بکات.

لە ئەگەری روودانی ئەم سێ گرێبەستە زەبەلاحە، ئەمە دەبێتە یەکەم گالاکتیکۆس بۆ ریال مەدرید لە دوای ساڵی 2009 کە ئەوکات یانەکە بە جارێک (کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بێنزێما، و ریکاردۆ کاکا و چابی ئەڵۆنسۆ)ـی گواستەوە تیپەکەی.

بابەتی زیاتر

Back to top button