یاریگا –
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی ئیسپانیا ئاشكرایانكرد، ئانسۆ فاتی یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بیرۆكەی رۆیشتن لە بارسێلۆنا رەتدەكاتەوە لە گواستنەوەكانی هاوینی داهاتوودا.
گرێبەستەكەی فاتی لەگەڵ بارسێلۆنا لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت و بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەشی یەك ملیار یۆرۆیە.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەی سپۆرت فاتی دەیەوێت لە بارسێلۆنا بەردەوام بێت و پێداگری لەسەر مانەوە دەكات لەو یانەیە كە بە درێژایی ژیانی خەونی بە یاریكردن تێیدا بینیوە.
هەمان سەرچاوە ئاشكرایكردووە، فاتی پێی وا نیە كە وۆلڤێرهامپتن ئەو یانەیە بێت كە پێی خۆش بێت یاری تێدا بكات، ئەگەر لە یانەكە بڕوات دەیەوێت بچێتە یانەیەك كە بەردەوام ركابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەكان بكات.
لە راپۆرتەكەی سپۆرتدا ئەوەش هاتووە، بارسێلۆنا دەیەوێت فاتی رازی بكات كە پەیوەندی بە یانە ئینگلیزیەكەوە بكات لە پێناو بەدەستهێنانی بڕێك پارە و رۆبن نێڤێس كە لە سەرووی لیستی داواكارییەكانی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەكەدایە.
لە ئەگەری ئەوەی فاتی پەیوەندی بە وۆلڤزەوە نەكات ئەوا یانەكە لە پێناو دەستبەرداربوون لە نێڤێس داوای 50 ملیۆن یۆرۆ لە یانە كەتەلۆنییەكە دەكات.
لەم وەرزەی لالیگادا فاتی لەگەڵ بارسێلۆنا لە 31 یاری بەشداری كردووە توانیویەتی چوار گۆڵ بكات و سێ گۆڵیش درووست بكات.