ئه‌وروپا

“جیاوازیی من و مێسی ئەوەیە من لە یانەی جیاواز یارییم کردووە و چامپیۆنزیشم بردۆتەوە.”

یاریگا- کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا قسەی لەسەر لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی کرد و تیشکی خستە سەر جیاوازیی نێوانیان.

ڕۆناڵدۆ هاوکات لەو چاوپێکەوتنەیدا کە لەگەڵ گۆڤاری دازن-ی ئیتالییدا ئەنجامی داوە، وەسفی سوپەرستارەکەی بارسێلۆنای کرد و گوتی: “مێسی یاریزانێکی تایبەتە، هەڵسەنگاندنی ئەو بەو تۆپە ئاڵتوونیانە نییە کە بەدەستی هێناون، بەڵکوو نایابیی ئەو ئەوەیە کە ئەو هەموو ساڵە لە لووتکەی ئاستی خۆیدا ماوەتەوە، تەواو وەکوو من.”

سەبارەت بە جیاوازیی نێوانیشیان گوتی: “جێوازیی نێوان من و مێسی ئەوەیە من چوومەتە چەند یانەیەکی جیاواز، سەرکەوتوویش بوومە لە بەدەسهێنانی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ دوو یانەی جیاواز. هەروەها لە یانە جیاوازەکانیش 6 جار بوومەتە گۆڵکار.”

لەبارەی کاروانی وەرزشیی خۆی لە چامپیۆنزلیگ، گوتی: “زۆر کەس ناتوانێت پێنج جار پاڵەوانێتییەکە بباتەوە، بەڵام من هەست دەکەم زۆر باشە خولی یانە پاڵەوانەکان دەناسم، زۆرترین جار یەکلاکەرەوە بوومە تێیدا.”

دۆن زیاتر ئاخافت و باسی لەوەش کرد کە حەزی بە ئاڵانگاریی نوێ هەیە کاروانی وەرزشیی خۆی بە نایاب وەسف کرد، ئەگەرچی وەک خۆی دەڵێت: “لە هەمان کاتدا هێشتا بەس نییە بۆم ئەوە.”

بۆ زانین، سەروەختی ڕۆشتنی ڕۆناڵدۆ لە ڕیاڵەوە بۆ یوڤی، خوازیاری ئەوە بوو مێسیش ڕوو بکاتە خولی ئیتاڵیی بۆ تاقیکردنەوەیەکیتر لە کاروانی وەرزشییدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button