ئه‌مریکامۆندیال

“مێسی کاتێک لە من باشترە کە مۆندیال بباتەوە!”

یاریگا- یاریزانێکی بەڕازیلی بە چەند لێدوانێک لەسەر بەراوردکردنی ئەستێرە و ئەفسانەکانی ئەم سەردەمە، سەرنجی میدیاکان بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت، بە تایبەت کاتێک دێتە سەر بەراوردی خۆی و لیۆنێلی مێسی.

ئێدیڵسۆن، کە یەدەکی هەڵبژاردەی سامبا بوو کاتێک لەگەڵ نەوە زێڕینەکەی بەڕازیلدا جامی جیهانی 2002یان بردەوە، خۆی سەبارەت بە بەراوردکردنی خۆی لەگەڵ نێیماری هاونیشتمانیی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و مێسی، بە تەلەفزیۆنی Bandeirantsی گوت: “سەردەمی من و لە باشترین ئاستی خۆمدا، لە نێیمار ناشتر یاریم دەکرد. پێویستە نێیمار بتوانێت جامی جیهانی بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی لە من باشتربێت.

ڕەنگە ئەو قسەیەی ئیدڵسۆن سەبارەت بە نێیماری هاونیشتیمانی تا ڕادەیەکی زۆر ئاساییتربێت کاتێک دێتە سەر بەراوردی خۆی و مێسی. بەوپێیەی لیۆ  بە یەکێک لە باشترینەکانی مێژوو دادەنرێت بەهۆی ئەو ئاست و ئەنجامە خەیاڵیانەی نزیکەی 15 ساڵە لە نێو یاریگاکان پێشکەشی دەکات. بۆیە براوەکەی جامی جیهانی سەبارەت بە کاپتنەکەی بارسا و ئەرجەنتینیش کە شەش جار باڵۆن دۆری بردۆتەوە، گوتی: “بۆ مێسیش هەروەها، من کەسایەتی خۆمم هەیە، مێسیش بۆ ئەوەی لە من باشتربێت پێویستە جامی جیهانی بباتەوە.”

ئێدیڵسۆن کە لە پێگەی ناوەڕاستکاری هێرشبەری یاری دەکرد، سەبارەت بە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆش گوتی: “ڕۆناڵدۆ تەنها هێزە “قوة”، بە باشی دەتوانێت بە هەردوو قاچ شووت بکات، بەڵام من لەو بەهرەدارترم.”

ناوبراو کە تەنها 31 یاری لە ئەورووپا لە ساڵی 1993/4 بە درێسی یانەی بێنفیکاوە ئەنجام داوە، لە مۆندیالی 2002 لە یارییەکانی سامبا بەرامبەر چین و ئینگلتەرا وەک یەدەک و، بەرامبەر کۆستاریکا و تورکیا بە سەرەکیی بەشداری پێ کرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button