ئیتاڵیا

بالۆتێلی: سێ ڕۆژی سەرەتای کەرەنتینە هەر “مقەبا”م دەخوارد!

یاریگا- ماریۆ بالۆتێلی ئیتاڵی جارێکیتر بە لێدوانە سەیرەکانی جارێکیتر سەرنجی میدیا و هەوادارانی تۆپی پێی بە لای خۆیدا ڕاکێشا و ئەم جارەیان باس لە سەختی ژیانی کەرەنتینە دەکات.

لە ڕێگەی لایڤێکی ئینستاگرامەوە لەگەڵ ئەلیساندرۆ ماتری هاونیشتیمانی و هاوتیمی لە بریشیا، بالۆتێلی بەم شێوەیە باس لە ئەزموونی کەرەنتینە و بارودۆخی جەستەیی خۆی دەکات لە باری گەڕانەوەی بۆ ڕاهێنانەکان: “ئەگەر ئێستا تۆپێکم بۆ هەڵدەیت، ناتوانم بە یەک جار ‘یەک لەمسە’ کۆنترۆڵی بکەم، چونکە ئەوە دوو مانگ دەبێت لەو کاتەوەی کۆتا جار قاچم بەر تۆپ کەوتبێت. کۆتا دوو هەفتە هەر خەریکبوو شێت دەبووم، لەبەر ئەوەی زۆر تەنیا بووم. کچەکەم لە ناپۆلیە. کوڕەکەم لە زویرخی سوسیرایە. دایکیشم تەمەنێکی کردووە و دەبێت بپارێزرێت. براکانیشم خۆیان و ماڵ و منداڵیان کەرەنتینەن، بۆیە من بە تەنها بۆ خۆم مامەوە. ئەوەش زۆر سەختە. ئینجا زۆر سەختە بە شێوەیەکی باش ڕاهێنان بکەیت کە تەنانەت ئامێرێکی ڕاکردن ‘تریدمیڵ’ت نەبێت. بۆیە ئەگەرچی پێچەوانەی یاساش بوو بۆ چوونە دەرەوە، بەڵام من هەر دەچوومە پارکێکی نزیکی خۆم و هەندێ ڕام دەکرد.

سەبارەت بە ئامادەکردنی خواردنیش لە دۆخێکی وەها تەنهاییدا، سوپەر ماریۆ ئەمەیان بە زەحمەتترین لایەنی کەرەنتینە دەبینێت و دەڵێت: “سێ ڕۆژی سەرەتا بە شێوەیەکی بنچینەی هەر مقەبام دەخوارد و دەمویست پارچە لە دیوارەکە بکەمەوە و بیخۆم، چونکە نازانم هیچ شتێک لێ بنێم. خۆشبەختانە  دواتر توانیم بە دیلیڤەری خواردنم دەستکەوێت.”

ماریۆ و هاوتیمەکانی لە یانەی بریشیا، وا بڕیارە 18ی ئەم مانگە دەست بکەنەوە بە ڕاهێنانەکانیان. بەوپێیەی وا ڕاگەیەندراوە کە خولی ئیتاڵی لە 13ی مانگی داهاتوو دەست پێدەکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button