ئینگلتەرا

بە وەسفی زۆری ڕۆمیرۆ، سۆڵشیار فشار لەسەر دی خیا زیاتر دەکات

یاریگا- لە یاری شەوی ڕابردوویان بەرامبەر ۆوڵڤرهامپتن لە میانەی جامی ئینگلتەرا، چانس درایەوە بە سێرخیۆ ڕۆمێرۆی گۆڵپارێزی دووەمی مانچستەر و توانی ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێت لە پاک ڕاگرتنی تۆڕی گۆڵەکەی.

دوای یارییەکە گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکە لەلایەن سۆڵشایەری ڕاهێنەرەوە پەسنی زۆر کرا، بە جۆرێک نەرویژییەکە گوتی: “ئەوان هەلی گۆڵکردنیان زۆر دروست کرد. ڕۆمیرۆ چەند جارێک گەڕاندنەوەی نایابی ئەنجام دا. ئەو هەرگیز نەیهێشتووە ئێمە شکست بێنین. چەندین جارە تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی ڕادەگرێت. ئەو مرۆڤێکی مەزن و پیشەگەرێکی ئاست بەرزە. فشاری خستۆتە سەر دی خیا و ئەوەش ئەو شتەیە کە ئێمە دەمانەوێت. دەخوازین باشترینەکانی جیهان لەگەڵمانبن.”

لە بارەی یەکسانبوونە سپییەکەیان لەگەڵ ۆوڵڤز، سۆڵشایەر ئەوەی بە خراپ نەزانی و گوتی: “ئەمە پاڵەوانێتیەکە من حەزم لێیەتی. ئەنجامەکەش دادگەرانە بوو. ئێستا هەردوولامان لە جامەکەدا ماوین.”

ڕۆمیرۆی تەمەن 32 ساڵ لە 52 یاری پاڵەوانێتیە جیاوازییەکان لەگەڵ مان یو، توانیویەتی 33 جار گۆڵەکەی پاک ڕابگرێت (کلین شیت). لە کاتێکدا دی خیای هاوتیمی، ناوبەناو ئاستی هەڵکشان و داکشان بەخۆوە دەبینێت و بەو هۆیەشەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر دەبێتەوە.

بۆ زانین، بۆ دیاری کردنی براوە تا بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی دواتری جام، هەردوو یانە لە ئۆڵدترافۆرد یاری دەکەنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button