ریاڵ مەدرید شکستی گۆڕی بە گەورەترین بردنەوە لە مێژوودا بەرامبەر لیڤەرپوول

یانەی ریاڵ مەدرید جارێکیتر جیهانی سەرسام کرد و بە ریمۆنتادایەکی مێژوویی شکستی گۆڕی بە بردنەوە بە ئەنجامی ٥-٢.
لە یارییە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان لیڤەرپوول و مەدرید لە یاریگای ئەنفیڵد کە هاوکات دووبارەکردنەوەی یاری کۆتایی وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانەکان بوو، یانە ئیسپانییەکە زەنگی مەترسی بۆ سەرجەم یانە بەشداربووەکان لێدا و دووپاتیکردەوە ئەمساڵیش بۆ بردنەوەی ناسناوەکە هاتووە.
دوور لە چاوەڕوانییەکان لە ١٤ خولەکی سەرەتادا، لیڤەرپوول دوو جار گۆڵی مەدریدی هەژاند ، بەڵام خۆشی ریدز تەنها تاوەکو خولەکی ٢١ بوو کاتێک ڤینیسیوس جونیۆرز کەرنەڤاڵی گۆڵەکانی یانەکەی دەست پێکرد، هەمان یاریزان لە خولەکی ٣٦ گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و گەڕانەوەی یانەکەی راگەیاند.
پاشان لە نیوەی دووهەم بەنزیمە (دووگۆڵ) و ئێدەر میلیتاو بە گۆڵێک ، سێ گۆڵی دوای یەکییان تۆمارکرد و هاندەرانی نێو ئەنفیڵدیان تووشی شۆک کرد. لە بەرامبەر لیڤەرپوول نەیتوانی هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت و جیاوازییە بۆ یاری گەڕانەوە کەمبکەنەوە.
یاری گەڕانەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ٣/١٥ دەبێت.
بەر لەم یارییە گەورەترین ئەنجامی نێوانیان لە بەرژەوەندی لیڤەرپوول بوو بە ئەنجامی ٤-٠ بەڵام بۆ یەکەمجار مەدرید توانی لە یارییەکی خولی پاڵەوانەکان پێنج جار گۆڵی لیڤەرپوول بهەژێنێت. ئەمە جگە لەوەی یەکەمجار بوو لیڤەرپوول لە خاکی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگ پێنج گۆڵی لێ تۆماربکرێت.