
یاریگا
یانەی پاریس سانجێرمان توانی بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی، بردنەوەیەکی گرنگ لە گەڕی 24 خولی فەرەنسا بەرامبەر لیل بەدەست بێنێت و پارێزگاری لە جیاوازی خاڵەکانی لە پێشەنگایەتی خولەکە بکات.
سانجێرمان لە گەڕی 24 لیگ وەنی فەرەنسا میوانداری لیلی کرد و بە ئەستەم توانیان لە یاریگای خۆیان سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بێنن. لەو یارییە سەرەتا کلیان ئێمباپێ لە خولەکی 11 شازادەکانی بە گۆڵێک پێشخست، پاشان لە خولەکی 17 نێیمار توانی دووەم گۆڵی یانەی خاوەن یاریگا بکات، یارییەکە بەردەوام بوو و یاریزانانی میوان لە خولەکی 24 وەڵامی یەکێک لە گۆڵەکانیان دایەوە و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی خاوەن یاریگا کۆتایی هات.
نیوەی دووەمیش لە خولەکی 58 یاریزانانی میوان توانیان بۆ جاری دووەمی تۆڕی گۆڵی خاوەن یاریگا بهەژێنن و ئەنجامی یارییەکەیان یەکسانکردەوە، ئەوەی چاوەڕێ نەدەکرا لە خولەکی 69 روویدا، کاتێکدا یاریزانانی میوان توانیان بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی شازادەکان بهەژێنن و بۆ جاری یەکەم لە یارییەکە پێشکەوتن، دوای ئەم گۆڵە لە خولەکی 87 ئێمباپێ گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەشی کرد و ئەنجامی یارییەکەی یەکسانکردەوە.
یارییەکە بەردەوام بوو و لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکە ناوبژیوانی لێدانێکی راستەوخۆی بۆ پاریس سانجێرمان گرت و لیۆنێل مێسی بە سەرکەوتوویی لێدانەکەی جێبەجێ کرد و توانی گۆڵی چوارەم و بردنەوەی یانەکەی بکات. بەم بردنەوەیە پاریس سانجێرمان لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی فەرەنسا، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 57 خاڵ.