
یاریگا ماتیا دی سکیلیۆی یاریزانی ئێستای یوڤێنتۆس لەژێر هەڕەشە و هێرشی هاندەران دایە، پاش ئەوەی ئاشکرابوو کە ئەو نامەی گروپە تایبەتییەکانی نێوان یاریزانانی یۆڤی داوە بە لێکۆڵەرەوەکانی پۆلیس لە میانەی کەیسی گەندەڵی یانەکە دا.
یۆڤی لەژێر فشارێکی توند دایە بەهۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی دارایی و وەک یەکەم سزاش ١٥ خاڵ لەو یانەیە کەمکرایەوە. بەشێک لە بەڵگەکان پشتییان بە نامەی گروپەکانی نێو یانەکە بەستووە و دەرکەوت جیۆرجیۆ کلینی، ماتیاس دی لیخت و ماتیا دی سکیلیۆ نامەکانیان داوە بە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام تەنیا دی سکیلیۆ هێشتا یاریزانی یانەکەیە.
ناوبراو بۆ دازن وتی “سەرنجی من تەنها لەسەر یاریکردنە و دەبێت هاندەرانیش بەپێی ئاستم لەوێ هەڵمبسەنگێنن، لەوەی روویدا من هیچ هەڵەیەکم نەکردووە”.
بەڵگەکان رەنگە یاریزانانی یانەکەش رووبەرووی کێشە بکاتەوە، چونکە بەگوتەی فوتبۆڵ ئیتاڵیا، یاریزانەکان لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا وتوویانە کە ئەوان ئاگاداری گەندەڵییەکانی یانەکە نەبوون بەڵام لەو نامانەی کە دراون بە لێکۆڵەرەوەکان، دەرکەوتووە یاریزانەکانیش ئاگاداری ئەوە بوون کە ژمارەی هەڵەدراوە بە بەرپرسان و موچەی راستەقینەی یاریزانەکانیان شاردووەتەوە.