گەڕێکی تر لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ئەنجامدرا

ئەمڕۆ هەینی 28/1/2023 کۆتایی هات بە گەڕی یازدەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان و جارێکی تر یانەکانی هەولێر و سلێمانی و خاک سەرکەوتنیان تۆمار نەکرد.
یانەی پیشەسازی بەردەوامە لە سەر ئەنجامە باشەکانی ئەم دواییەی و لە یاریەکی بەهێزدا لە نێو یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1_0 لە یانەی بابانی شاری سلێمانی بردەوە، هەروەها یانەی کۆیە سەرکەوتنێکی گرینگی بەدەستهێنا و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2_1 گۆڵ لە یانەی بازیانی بردەوە، یانەی شۆڕجەی شاری کەرکویش بە هەمان ئەنجام لە نێو یاریگای خۆی لە یانەی خانەقینی بردەوە.
یانەکانی سەرووی ڕیزبەندی کە پێکهاتوون لە هەولێر و سلێمانی و خاک نەیانتوانی سەرکەوتن لەم هەفتەیەش تۆمار بکەن و سوود لە شکست و یەکسان بوونەکانی یەکتر وەربگرن، هەولێر لە یاریگای پیشەسازی 2_2 یەکسان بوو لەگەڵ یانەی بروسک، یانەی خاک لە یاریگای خۆیدا بەبێ گۆڵ یەکسان بوو لەگەڵ یانەی ڕانیە، یانەی سلێمانیش بۆ دووەم هەفتە لە سەریەک سەرکەوتنی بە دەست نەهێنا و بە ئەنجامی 1_1 گۆڵ لەگەڵ یانەی ڕەواندز یەکسان بوو.
ئەنجامی یارییەکانی تریش بەمشێوە بوو
برادۆست 1 سێمێل 1
قەڵادزێ 2 هەڵۆ 0
ڕزگاری 0 زانکۆی جیهان 0