
لە هەواڵێکی چاوەڕواننەکراودا، شەوی رابردوو راگەیەندرا ئەندریە ئانیێلی سەرۆکی یوڤێنتۆس، پاڤڵ نێدڤدی جێگر و تەواوی بۆردی یانەکە دەستییان لەکار کێشایەوە.
بەگوێرەی توتۆ سپۆرت، هۆکارەکەی تێوەگلانی یوڤێنتۆسە لە لێکۆڵینەوەکانی ناوسراو بە “پریزما”
پریزما کەیسێکی دادوەرییە و لەلایەن داواکاری گشتی شاری تورینەوە کراوەتەوە و تێیدا لێکۆڵینەوە دەکرێت لە هەژمارە داراییەکانی یانەی یوڤێنتۆس و بەڵگەی پێویست کۆکراوەتەوە بۆ سەلماندنی کاری نایاسایی و گەندەڵی یانە ئیتاڵییەکە بۆ خۆدزینەوە لە باج.
یانەی یوڤێنتۆس لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هەواڵەکەی پشتراستکردەوە و دەست لەکار کێشانەوەکانیش بۆ پاراستنی ناوبانگی یانەکەیە.
پێشتر لە مانگی ١٠دا، کاڵچیۆ مێرکاتۆ رایگەیاندبوو ١٦ کەسی یوڤێنتۆس لەژێر لێکۆڵینەوەدان و لێکۆڵەرەوەکان هێندە دڵنیان لە تێوەگلانی ئانیێلی سەرۆکی یانەکە، داوایان لە دادگا کردبوو ئەو سەرۆکە بخەنە ژێر چاودێری و رێگە نەدەن لە ماڵەکەی بچێتە دەرەوە، نەوەکو هەوڵی راکردن بدات بۆ وڵاتێکی دیکە.