تاکەی خێر و بەخشین بە یانەکان

چەند ساڵێکە و بەدیاریکراوی لەپاش دروست بونی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی یانەکان لە هەرێمی کوردستان ڕووی ڕاستی بەشێکی زۆر لەیانە و دەستەی کارگێڕی یانەکان دەرکەوتن ، لەوەی تاچەن ئەو کەسانە توانای ئیدارەدانی یانەیان هەیە.
بڕینی بودجەی یانەکان ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو یانانەی ساڵانی ڕابردوو پارەیەکی کاش و خەیاڵیان بۆ خەرجدەکرا نەیانتوانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوری دروست بکەن ، نەیانتوانی یانەکانیان بکەنە یانەیەکی خود بژێوی و یانەیەکی بازرگانی، هەندێک یانە بودجەی کراوەی هەبوو لەحوکمەت هەندێک یانەش مانگانە بودجەیەکی خەیاڵی و هەندێ یانەش بەبێ چالاکی یان بەچەن چالاکیەکی کەم بڕە پارەیەکی دەخرایە بەردەم بەبێ پلان و بەبێ چاودێری حکومەت و وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی وەرزش تەخشان و پەخشانی پێ دەکرا و تەنانەت لەناو یانەکانیش چەن کەسێک سودمەندی یەکەم دەبوون.
خەرجکردنی ئەو بودجەیە لەساڵانی ڕابردوو ڕەنگە چەن یانەیەکی کردبێت بەخاوەن ئەنجام و دەستکەوتی باش، بەڵام ئایا چەن یانە توانیان ژێرخانی خۆیان بەهێز بکەن ، چەند یانە لەپاش قەیرانی دارایی توانیان یانەکانیان بەبەهێزی بهێڵنەوە ، ئایا هیچ یانەیەک هەبوو قەرزار نەبوبێت لەپاش بڕینی بودجەکانیان ، بێگومان ئەوانە و چەندین پرسیاری دیکە وەڵامەکەی ڕوونە.
هەر یەک لە یانەکانی (هەولێر و دهۆک و زاخۆ و سلێمانی ) ساڵانێک بودجەیەکی خەیاڵی و زەبەلاحیان دەخرایە بەردەمو هەمیشە خەزێنەی حکومەتیان بۆ کراوە بو بۆ بەشداریکردن لەخولەکانی عێراقدا و ئەنجامدانی چالاکیاکانیان هەندێک لەو یانانە تاوەکو پاڵەوانێتیەکانی ئاسیا بەشدار بوون ، بەڵام لەماوەی قەیرانی دارایی تەواوی ئەو یانانە توشی داڕوخان بوون بەجۆرێک لە پاڵەوانێتی ئاسیاوە پاشەکشەیان کرد بۆ خولی پلەیەکی عێراق و تەنانەت یانەی سلێمانی چەند ساڵێک بەشداری هیچ چالاکیەکی نەدەکرد ، ئەوەش دای بەگوێی هەمواندا ئەو هێزە و پاڵپشتیە داراییە بەهەر یانەیەک بدرایە هەمان ئەنجامی دەبوو ، پێی وتین،ئەوە هێزی پارە بوو نەک هێزی ئەقڵی ئیدارەدان.
هەر بۆیە هەموان بینیمان تەنها دوای ساڵێک بۆ دوو ساڵ لە قەیرانی دارایی حکومەت هیچ کام لەیانەکان نەیانتوانی بەرگری لە ئاست و دەستکەوتەکانیان بکەن ، تەنانەت بەشێکی زۆر لەیانەکان پاشەکشەیان لەزۆرینەی چالاکەیەکانی خۆیان کرد و زۆرینەی تیپەکانی یاریە جیاوازەکانیان هەڵوەشاندەوە ،تەنانەت هەندێک یانەش بەتەواوی بەرەو هەڵوەشاندنەوە چوون وای لێهات هیچ کام لە یانەکان نەیانتوانی هیچ ساڵێک بەبێ قەیران و قەرز کۆتای بە وەرزەکان بهێنن.
کەواتە ئەو قسەیە ڕاستە کە ئیداریەکی بەهێز دەتوانێ یانە لەقەیران دەربکات بیکاتە خاون ژێرخانێکی بەهێز بەهاوکاری حکومەت و ئەنجامدانی پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان.
لەبەرامبەریشدا دەستەی کارگێریەکی لاواز یانەکان لە بەردەم بودجەیەکی خەیاڵی و پارەیکی زۆرەوە هێنایە ئاستێکی لاواز و یانەیەکی ڕوخاو بەجۆرێک هەموو کات چاویان لەدەستی بەرپرس و حکومەت و حزب بوو بۆیە گەیشتنە ئەو ئاقارەی کە بەشێکی زۆریان یانەکانیان بە داڕوخاوی بەجێ بهێڵن لە ژێر قەرزێکی زۆری کەڵەکەبودا.
لێرە بەدواوە ئەبێت حکومەت و حزبیش باش لەوە تێبگەن بەم شێوەیە وەرزش ئیدارە نادرێت و نابێت هێندە بەئاسانی چۆک بۆ هەڕەشەی هەندێک لە یانەکان بدەن ،هێندە نەکەونە ژێر کاریگەری ئەقڵێتی ئیدارەدانێکی لاواز بۆ کاتێکی کورتخایەن و بەفیڕۆدانی پارەیکی زۆر بۆ ماوەیەکی کەم .
ئێستا کاتی ئەوەیە حزب و حکومەت و یەکە ئیداریەکان لەجیاتی پێدانی هاوکاری ساڵانە و خێر بەخشین بەیانەکان بیر لەوەها پڕۆژەیەکی گشتگیر بکەنەوە لە ڕێگەی پێدانی زەوی، یانەکان بکەن بەخاوەن پڕۆژە و وەبەرهێنانی تایبەت بەخۆیان بۆ ئەوەی یانەکان ببن بەیانەی بازرگانی خود بژێوی و لەڕێگەی ئەو پرۆسە وەبەرهێنانەوە خۆیان بەهێز بکەن، ئەوکات دەزانن چەندین ئەقڵی ئیدارەدانی بەهێز لەیانە بەناو لاوازەکان هەیە و چەندی یانەی بەناو گەورەش خاوەن ئیدارەیەکی لاوازن و شکست خواردوون!