لەسەر سکاڵای پۆگبا، براکەی دەستگیرکرا

ماتیاس پۆگبا برای پاوڵ پۆگبا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و تۆمەتبارە بە هەڕەشەکردن لە براکەی و هەوڵدان بۆ لێسەندنی پارە.
ماتیاس و گروپێک رایانگەیاند کەوا نهێنی و “تاوان” ـەکانی پۆگبای برای ئاشکرا دەکەن، لە بەرامبەر ئەوەش داوای ١٣ ملیۆن یۆرۆیان کردبوو. دوای ئەوە پاوڵ بەفەرمی سکاڵای لە دژییان تۆمارکرد و چوار کەس لەژێر لێپێچینەوەدان یەکێکیان براکەیەتی.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، پۆلیس بەڵگەی پێویستی لەبەردەست بووە تاوەکو تاوانەکە بەسەریاندا ساغ ببێتەوە و قۆڵبەست بکرێن. هەنگاوی دواتریش دەنێردرێن بۆ دادگا .
پۆگبای ٢٩ ساڵ وتبووی، جگە لە براکەی یەکێکی دیکەشیان هاوڕێی منداڵییەتی و لە مانگی سێی ئەمساڵ دا ١٠٠ هەزار یۆرۆی پێداون بەڵام ئەو گروپە داوای ١٣ ملیۆن دەکەن بە بیانووی ئەوەی ماوەی ١٣ ساڵە خزمەتگوزاری ئەمنی و پاراستنی ئەو یاریزانەیان لە ئەستۆ بووە.