ئێوارەی ئەمڕۆ یانەی ریاڵ مەدرید بەفەرمی بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی لالیگا بە چوار هەفتە بە لە کۆتایی خولەکە.
مەدرید بە پێکهاتەی دووەمەوە میوانداری ئیسپانیۆلی کرد بەڵام یاریزانە یەدەگەکان یەکێک لە باشترین یارییەکانی ئەم وەرزەیان پێشکەشی هاندەران کرد و ٤-٠ براوەبوون. بەوەش وەک چاوەڕواندەکرا بوونە پاڵەوانی وەرز.
ئەم ناسناوە کۆمەڵێک ژمارەی تایبەتی بە دوای خۆیدا هێنا وەک :
- ریاڵ مەدرید بوو بە یەکەم یانەی پێنج خولە سەرەکییەکە ٣٥ ناسناوی ناوخۆی خولی وڵاتەکەی هەبێت (یۆڤی دووەهەمە بە ٣٤ ناسناو)
- کارلۆ ئەنشلۆتی راهێنەر بوو بە یەکەم راهێنەر کە ناسناوی سەرجەم خولە سەرەکییەکانی ئەورووپا (ئینگلتەرا-ئیتاڵیا-فەڕەنسا-ئەڵمانیا و ئیسپانیا بەدەست بهێنێت).
- مارسێلۆی کاپتن بوو بە یەکەم یاریزانی مێژووی مەدرید کە بتوانێت ٢٤ ناسناوی فەرمی بەدەست بهێنێت، بەوەش پێش خینتۆی ئەفسانەی یانەکە کەوت کە خاوەنی ٢٣ ناسناو بوو.