شەوی رابردوو رووداوێکی نامۆ و سەرسوڕهێنەر لە کامپ نۆو بەدیکرا ئەویش ئامادەبوونی زیاد لە ٣٥ هەزار هاندەری ئینتراخت فرانکفۆرت بوو لە کاتێکدا یارییەکە لە یاریگای بارسا بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی یاسا یانەکان دەتوانن تەنها رێژەیەکی کەم بلیت بفرۆشن بە هاندەرانی تیمی میوان بەمەبەستی ئەوەی لە خاکی خۆیاندا هاندەرانیان پشتگیریان بکەن.
رۆژنامەی سپۆرتی کاتالۆنی بە چەند خاڵێک باسی رووداوە ئابڕووبەرەکەی کردووە و دەڵێت
بارسا لە سەرەتای وەرز بڕیاریدا رێگە بەو هاندەرانە بدرێت کە خاوەنی بلیتی وەرزین، ئامادەی یارییەکان نەبن و بلیتەکانیان بفرۆشرێتەوە. ئەمەش وەک رێکارێکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم بڕیارە درا تاوەکو ئەو هاندەرانەی توشبوون ناچارنەبن بێنە نێو یاریگا.
ئەمە لەلایەک وای کرد ژمارەی هاندەری ئامادەبوو کەم ببێتەوە، لەلایەکی دیکەش بلیتی زیاتر هەبوو بۆ فرۆشتن لە ساڵەکانی دیکە.
هۆکاری دووهەم ئەوە بووە، بەهۆی نزیک بوونەوەی کۆتایی وەرز، هاندەرانی بارسا بە پارەیەکی زۆر بلیتی وەرزی خۆیان فرۆشتووە بە هاندەرانی فرانکفۆرت. بارسا لەم وەرزە تەنها سێ یاری ماوە لە یاریگای خۆیدا.
هۆکاری سێهەم، سەرچاوەیەکی یانەکە بە سپۆرتی راگەیاندووە و کاریگەرترینیانە ، ئەویش ئەوەبووە ئاژانسەکانی گەشت و گوزاری ئیسپانیا بە کۆمەڵ بلیتی یارییەکان کڕیووە و لەشێوەی پاکێجی گەشتیاری فرۆشتوویانەتەوە بە ئەڵمانییەکان.
کڕینی بلیتی ئەلیکترۆنی لە رێگای ماڵپەڕی یانەکەوە بە جۆرێکە هاندەرانی ئەڵمانیا ناتوانن راستەوخۆ بلیت بکڕن بەڵام گروپە گەشتیارییەکانی نزیک لە یانەکە ئەم کارەیان بۆ ئاسان کردوون.
جگە لەم سێ هۆکارە، بەپێی یاسا بارسا ٥٠٠٠ بلیتی بۆ هاندەرانی فرانکفۆرت دانابوو، ئەوانیش سەرجەمیان فرۆشران.
سپۆرت لە کۆتایشدا دەڵێت ئەمە یەکێک بوو لە خەمناکترین شەوەکانی مێژووی بارسا.