سیروانی نوێ لە بەردەم مێژوویەکی گەورەدایە

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 10/4/2022 لە کاتژمێر 3:30 ئێوارە سەرجەم یارییەکانی گەڕی 28ـی خولی نایابی کوردستان بەڕێوەبچێت، بە ڕێژەیەکی زۆر ناسناوی خولەکەش یەکلادەبێتەوە بۆ یانەی سیروانی نوێ پێش دوو گەڕ لە کۆتایی هاتنی خولەکە،سیروانی نوێ هەشت خاڵ لە پێش هەندرێنی خاوەن پلەی دووەمە و پێویستی بە یەك خاڵە لە سێ یاریدا بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، سیروان لە کەلار دەبێتە میوانی یانەی شێروانە و بە هۆی سزادانی هاندەرانی یانەی شێروانە لە لایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە یاریەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەر ئەنجامدەدرێت.
یانەی شەقڵاوە کە بە 25 خاڵ پلەی چواردەمی گرتووە، لە نێو یاریگای خۆی ڕووبەڕووی یانەی هەندرێنی خاوەن پلەی دووەم دەبێتەوە، شەقڵاوە دەبێ سەرکەوتن بە دەست بهێنێ بۆ ئەوەی مانەوەی لە خولەکە دەستەبەر بکات بۆ وەرزی داهاتوو، لە یاریگای یەکەمی فرانسۆهەریری یانەی هەولێر میوانداری یانەی چەمچەماڵ دەبێتەوە، هەولێر کە بە 22 خاڵ لە کۆتا پلەی ڕیزبەندیەکەیە چەند یاریزانێکی تیپی خولی عێڕاقی یانەکەی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی بتوانن یانەکە لە مەترسی دابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ڕزگار بکەن.
لە زاخۆش هەر دوو یانەی زاخۆ و ئارارات یاری دەکەن، یانەی زاخۆش پێویستی بە سەرکەوتنە بۆ ئەوەی لە ناوچەی دابەزین دوور بکەوێتەوە کە ئێستا یانەکە بە 26 خاڵ لە پلەی سێزدەمی ڕیزبەندی خولی نایابی کوردستان دێت.
یاریەکانی تریش بەمشێوەیە :
سەیدسادق × پێشمەرگەی هەولێر
نەورۆز × سۆران
دهۆك × دەربەندیخان
یانەی برایەتیش جاوەڕوانە.