یاریگا-جێسی لینگارد بوو بە دووهەم یاریزان راستەوخۆ راڵف رانگنیکی راهێنەری مانچێستەریونایتد بەدرۆ بخاتەوە.
پێشتر راهێنەرە ئەڵمانییەکە سەبارەت بە مارسیاڵ وتبووی داوام لەو یاریزانە کردووە لەکۆتا خولەکەکان بەشداری بکات بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە، هێندەی نەبرد یاریزانە فەڕەنسییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتی شتی وا رووینەداوە هەرگیز یاریکردن بۆ یونایتد رەتناکاتەوە.
ئەمڕۆش ئەو راهێنەرە بۆ میدیاکان وتبووی لینگارد لە یارییەکەی میدڵسبرۆو دوورخراوەتەوە بەهۆی کێشەی کەسیی و فشاری دەروونی. بەڵام لینگارد لە تویتەر وەڵامی راهێنەرەکەی داوەتە و دەڵێت “یانەکە بوو کە داوای لێکردم پشوو وەربگرم بەڵام من دەروونم ئاسوودەیە و کەسێکی پیشەگەرم، هەر کاتێک بانگهێشت بکرێم ئەوا هەموو توانای خۆم دەخەمە گەڕ”.
ئەنتۆنیۆ مارسیاڵ بە خواستن یانەکەی جێهێشت و لینگاردیش زۆر هەوڵیدا لە گواستنەوەی زستانەدا بڕوات بەڵام لە کۆتا رۆژدا یونایتد رێگەی رۆیشتنی لەو یاریزانە گرت کەلەلایەن نیوکاسڵەوە داواکرابوو.