ئه‌ڵمانیاگرنگترین

بایرن میونشن ئامادە بوو بمفرۆشێت؛ کیمیچ ئەو یانەیە ئاشکرا دەکات کە لە گواستنەوەی نزیک بووە

هەستم بە پاڵپشتیی یانەکە نەدەکرد

Yariga App

یاریگا –

جۆشوا کیمیچ هەستی کردووە کە بایرن میونشن ئامادە بووە لە ساڵی 2024 رێگە بە رۆیشتنی بدات و لەو ماوەیەدا هەستی بە پاڵپشتیی یانەکە نەکردووە.

جۆشوا کیمیچ، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ZDF ،ئاشکرای کرد کە لە جێهێشتنی یانەکە لەپێناو گواستنەوەی بۆ یانەی پاریس سانجێرمان نزیک بووە. ئەستێرە ئەڵمانییەکە لەو بارەیەوە گوتی:

پاڵپشتی یانەکە ئەوە نەبوو کە من هیوام بۆ دەخواست یان دەمویست. ئەو هەستەم هەبوو کە بایرن میونشن زۆر کراوە بوو بۆ ئەوەی لە هاوینی 2024 رێگە بە رۆیشتنم بدات. ئەمەش یارمەتیدەر نییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان یانە و یاریزان. من لەگەڵ ماکس ئێبێرل قسەم کرد، ئەو جارێکی دیکە ئەمەی بۆ پشتڕاستکردمەوە و پێی گوتم ئەگەر دەتەوێت بڕۆیت، ئەوا بۆ فرۆشتنی، شتێکی ئەستەم نییە. لەو کاتەدا، نەمدەزانی پێویستە چی رووبدات بۆ ئەوەی گرێبەستەکەم نوێ بکەمەوە. من 95% دڵنیا بووم کە نوێی ناکەمەوە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی پاریس سانجێرمان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵی، کیمیچ گوتی:

پاریس یانەیەک بوو کە پابەندبوونێکی بەهێزی نیشان دام، شتێک کە تەنانەت هەر چاوەڕوانم نەدەکرد. من لەگەڵ لویس کامپۆسی بەڕێوەبەری وەرزشی و لویس ئێنریکێی راهێنەر قسەم کرد. دەبێت بڵێم ئەوان کارێکی زۆر باشیان کرد، ئەو سەرنجەیان پێدام کە بە راستی منیان دەوێت، بۆیە لەو کاتانەدا بە شێوەیەکی سروشتی دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەیت. ئەمە بەڕاستی خستمیە بیرکردنەوەوە، چونکە بڕیار بوو لەوێ ببمە بەشێکی گرنگ لە پەزڵەکە.

کیمیچ لەگەڵ بایرن میونشن

کیمیچ سەبارەت بە لایەنی دارایی ئۆفەرەکەش گوتی:

پاریس ئۆفەرێکی بۆ ناردم کە لایەنی داراییەکەی سەرسوڕهێنەر بوو. بەڕاستی زۆر زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، بەڵام نەمدەویست ئەمە بکەمە هۆکاری یەکلاکەرەوە. بەو شێوەیە نییە کە سەڵت بم و بە تەنیا بتوانم بڕیار بۆ خۆم و کاروانی پیشەگەریی خۆم بدەم. من بەرپرسیارییەتییەکم لەسەر شانە بۆ بڕیاردان بۆ ئەندامانی خێزانەکەم و ئەنجامدانی کارە دروستەکە.

لە کۆتاییدا، کیمیچ ئاماژەی بەوە کرد کە پێزانینی ڤینسێنت کۆمپانی  و بەرزنرخاندنی رۆڵێکی گەورەی لە بڕیاری مانەوەی لە ئەڵمانیا بینیوە و گوتی:

من هەرگیز هەستم بەم ئەندازە زۆرە لە متمانە نەکردووە وەکوو ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکەم. بڕیارێکی دروست بوو کە گرێبەستەکەم لەگەڵ بایرن میونشن نوێ بکەمەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button