
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید و کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئیماراتس [Emirates]، کە گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتییە لە جیهان، بەفەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی هاوبەشیی نێوانیانیان تاوەکوو ساڵی 2031 راگەیاند.
بەم هەنگاوە، پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو لایەن پەرەی پێدرا و بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە بەردەوام بێت. ئەم نوێکردنەوەیە دەبێتە درێژخایەنترین گرێبەستی سپۆنسەریی هێمای سەر درێس لە مێژووی خولی ئیسپانی.
وردەکارییەکانی گرێبەستە نوێیەکە
تیپی تۆپی پێ؛ کۆمپانیای ئیمارات بۆ پێنج وەرزی داهاتوو وەکوو سپۆنسەری سەرەکی و فڕۆکەوانی فەرمیی تیپی پیاوان و خانووانی تۆپی پێیی ریال مەدرید دەمێنێتەوە و هێماکەی لەسەر درێس، جلوبەرگی مەشق و ڕاهێنان و جلوبەرگی ستافی راهێنەرایەتی دەبێت.
بازرگانیی تۆپی سەبەتە؛ بۆ یەکەمجار، ئەم هاوبەشییە پەرەی پێدراوە بۆ ئەوەی کۆمپانیای ئیماراتس ببێتە سپۆنسەری سەرەکی و فەرمیی کەرتی تۆپی سەبەتەی ریال مەدریدیش تاوەکوو ساڵی 2031.
تایبەتمەندییەکانی دیکەی نێو یاریگا؛ گرێبەستەکە بریتی دەبێت لە هێمای بازرگانیی ئیماراتس بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو یاریگای بێرنابێو، مافی دەستڕاگەیشتن بە بنکەکانی مەشق و راهێنان و دروستکردنی هۆڵی تایبەتی Emirates Lounge کە ناوچەیەکی تایبەت و ناوازەیە بۆ پێشوازیکردن لە میوانەکان لەنێو یاریگاکەدا. هاوکات سپۆنسەرییەکە تیپەکانی لاوانی یانەکەش دەگرێتەوە.
لێدوانی بەرپرسانی هەردوو لایەن:
بۆترۆس بۆترۆس، جێگری جێبەجێکاری سەرۆکی پەیوەندییەکانی کۆمپانیا، مارکێتینگ و براند لە کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیماراتس رایگەیاند؛
ئەوەی لەم ساڵانەدا لەگەڵ ریال مەدرید بنیادمانناوە، نموونەیەکی گەشاوەی پابەندبوونی ئێمەیە؛ دانانی هاندەران لە دڵی یارییەکەدا، پێدانی هەلی دەستڕاگەیشتن بە ساتەوەختە لەبیرنەکراوەکان و ئیلهامبەخشین بە نەوەی داهاتووی هاندەران و یاریزانان.
لای خۆشیەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی؛
ئەم رێککەوتنە رەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە زۆر تایبەتەیە کە لەم ساڵانەدا دروستمان کردووە. ئێمە پێکەوە بووین و بەردەوامیش دەبین لە یەکێک لە سەرکەوتووترین قۆناخەکانی مێژووماندا.
کۆمپانیای ئیماراتس لە ساڵی 2011ـەوە سپۆنسەری ریال مەدریدە و لە ساڵی 2013ـەوە وەکوو سپۆنسەری سەرەکی لەسەر درێسی یانەکە دەرکەوتووە. لەم ساڵانەدا چەندین دیزاینی تایبەتی وێنەی یاریزانانی یانەکەی لەسەر فڕۆکەکانی لە جۆری A380 و Boeing 777 نەخشاندووە.



