رۆژە گەورەکە؛ فلۆرێنتینۆ پێرێز هەموو ئەورووپا دەهەژێنێت
یانەکان شڵەژاون

یاریگا –
ئەو رۆژە هات کە تێیدا سەرۆکی ریال مەدرید ئۆفەرێکی 150 ملیۆن یۆرۆیی بۆ گالاکتیکۆیە نوێیەکەی دەنێرێت.
لە ماوەی کەمپینی هەڵبژاردندا، بە تایبەتی لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی هۆریزۆنتێ لە کەناڵی کواترۆ، سەرۆکی ریال مەدرید کە یەکشەممەی رابردوو دووبارە هەڵبژێردرایەوە، بەڵێنێکیدا و گوتی:
سێشەممەی داهاتوو ئۆفەرێکی 150 ملیۆن یۆرۆیی بۆ یاریزانێک دەکەم کە لە پرێمەرلیگ نییە و ئۆلیسیش نییە. ئەمە دەبێتە گەورەترین ئۆفەر لە مێژووی مەدریددا.
ئەو بەشەی کۆتایی پێویست ناکات بە تەواوی بە مانا لێکبدرێتەوە، چونکە ئەو نەیدەویست هیچ سەرەداوێک بدات و هیچ ناوێکیش دوور نەخراوەتەوە. ئەم لێدوانانە بوونە هۆی ئەوەی هەموو جۆرە ناوێک بە ریال مەدریدەوە ببەسترێتەوە وەکوو؛ ئۆلیس، ڤیتینیا، جواو نێڤێش و خولیان ئالڤارێز.
یانەکە هیچ لێدوانێکی نەداوە و ئەمڕۆ رۆژە گەورەکەیە، لە کاتێکدا یانەکانی سەرانسەری ئەورووپا چاوەڕوانن بزانن کام تیم و کام یاریزان ئەو ئۆفەرە گەورەیە وەردەگرێت. ئەگەرچی مەدرید ئاشکرای نەکردووە کام یانە ئۆفەرەکە وەردەگرێت، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکان یانە ئەورووپییەکان شڵەژاون و زۆربەیان لە ئێستاوە وەڵامیان داوەتەوە.
لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە، سەرچاوەکان پێداگری دەکەن کە ڤیتینیا و جواو نێڤێش بۆ فرۆشتن نین. لە ئەڵمانیا، راپۆرتەکان بانگەشە دەکەن کە هیچ ئۆفەرێک لە خوار 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئۆلیس قبووڵ ناکرێت. هاوکات ئاتلێتیکۆ مەدرید هیچ نیەتێکی بۆ فرۆشتنی خولیان ئالڤارێز بە ریال مەدرید نییە.

تەنیا یانەکان نین کە چاوەڕوانی ئەم ئۆفەرە دەکەن، بەڵکوو دەزگا میدیاییە گەورەکانی ئەورووپاش ئەمڕۆ بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن. رۆژنامەی بێڵد لە ئەڵمانیا، لاگازێتا دیلۆ سپۆرت لە ئیتالیا، دەیلی مەیل لە ئینگلتەرا و ئا بۆلا لە پۆرتۆگال هەموویان چاوەڕوانن بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەستێرەیەی کە فلۆرێنتینۆ دەیەوێت بیهێنێتە ریال مەدریدی نوێیەوە.
چاوەڕوان دەکرێت گەیشتنی جۆزێ مۆرینیۆ ئەمڕۆ بەفەرمی بکرێت و لە ماوەی هەفتەکەدا، واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆناتێ و دومفریس، گەڕانەوەی نیکۆ پاز و نوێکردنەوەی گرێبەستی رۆدیگەریش ئاشکرا بکرێن. بەگوێرەی راپۆرتەکان، سەرجەم ئەم جووڵانە لە ئێستاوە رێککەوتنیان لەسەر کراوە و بە سادەیی چاوەڕوانی پشتڕاستکردنەوەی فەرمی لەلایەن ریال مەدریدەوە دەکەن.
لەو ماوەیەدا، تەواوی ئەورووپا ئەمڕۆ بە وردی چاودێریی دەکات لە کاتێکدا فلۆرێنتینۆ پێرێز خۆی ئامادە دەکات بۆ ناردنی ئۆفەرەکەی. هەموو یانەیەک لە دۆخی ئامادەباشیدایە چونکە کەسیان ئامادە نین یەکێک لە باشترین یاریزانەکانیان لەدەست بدەن. ململانێ بۆ گالاکتیکۆیە نوێیەکە دەستپێدەکات، لە کاتێکدا ئەورووپا بەهۆی نوێترین خولیای فلۆرێنتینۆوە دەهەژێت.



