
یاریگا –
بڕی تەواوی ئەو کەفالەتە بانکییە ملیۆنییەی پاڵپشتیی بەربژێریی ئێنریکێ ریکێلمی دەکات ئاشکرا بوو.
سەرچاوەکان لە کەرتی داراییەوە بە ئاژانسی EFEـیان راگەیاندووە، کە کەفالەتە بانکییە داواکراوەکە بۆ بەربژێربوونی سەرۆکایەتیی ریال مەدرید لە لایەن ئێنریکێ ریکێلمی ڤیڤێسی بازرگان، رۆژی شەممە لەگەڵ دامەزراوەی دارایی ئاندبانک ئیسپانیا بە بڕی تەواوی داواکراو واژۆ کرا، کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە 193.7 ملیۆن یۆرۆ.
دوای کۆتاییهێنان بە دوایین وردەکارییەکان لەگەڵ بانکەکە، سەرۆکی کۆمپانیای کۆکس ئینێرجی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان بە دەستەی هەڵبژاردن چووە نووسینگەکانی ریال مەدرید لە ڤاڵدێبێباس، کە ئێستا دەستەکە بەلایەنی زۆرەوە ماوەی 24 کاتژمێری لەبەردەستدایە بۆ بڕیاردان لەسەر قبووڵکردن یان رەتکردنەوەی بەربژێرییەکە.

مەرجە یاساییەکان و کارەکانی ریکێلمی
ریکێلمی رۆژی پێنجشەممە دەستەی هەڵبژاردنی ریال مەدریدی لە مەیلی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا ئاگادار کردبووەوە و ئەم کەفالەتە بانکییە رێگەی پێدەدات، لەپاڵ مەرجەکانی دیکەدا، بە فەرمی بەشداریی لە ململانێی هەڵبژاردنەکەدا بکات.
ئێنریکێ ریکێلمی سەرۆکی کۆمپانیایەکی تایبەتە پەرەپێدان و برەودان بە چارەسەرەکانی وزە و بەرهەمهێنانی کارەبایە لە چەندین وڵاتی ئەمریکا، ئەوروپا، ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کۆمپانیاکەی لەم وڵاتانی وەکوو مەکسیک، چیلی، کۆڵۆمبیا، ئەمریکای ناوەڕاست، بەڕازیل، ئیسپانیا و پۆرتوگال، جەزائیر، مەغریب، ئەفریقای باشوور و ئیماراست کار دەکات.
ئەم کەفالەتە داراییە هاوتایە لەگەڵ 15%ـی بودجەی خەرجییە گشتییەکانی یانەکە، وەکوو ئەوەی لە پەیڕەوی نێوخۆی ریال مەدریدداوا کراوە.



