مەترسی لەسەر تەندروستیی جەیمس رۆدریگێز؛ کاپتنەکەی کۆڵۆمبیا لە مۆندیال بێبەش دەبێت؟
دوو مانگ بەر لە مۆندیال کێشەی گەورە بۆ پێکهاتەی کۆڵۆمبیا دروستدەبێت

یاریگا –
دوو مانگ بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی 2026، بەهۆی تەندروستیی جەیمس رۆدریگێز، کاپتنی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا نیگەرانییەکی گەورە باڵی بەسەر هەڵبژاردەکە دەکێشێت.
یانەی مینیسۆتا یونایتدی ئەمریکی رایگەیاندووە جەیمس بەهۆی کێشەیەکی مەترسیداری جەستەییەوە لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە، ئەمەش پرسیاری زۆری لای هاندەران دروست کردووە.
نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستیی جەیمس
دوای یارییە دۆستانەکەی کۆڵۆمبیا بەرامبەر فەرەنسا، جەیمس بەهۆی وشکبوونەوەی توندی جەستەی، بۆ ماوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە خەوێنرا. کێشەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک لەم هەفتەیە یانەکەی لە خولی ئەمریکی بێبەشبوونی رۆدریگێزی لە یارییەکەی بەرامبەر لۆس ئانجلۆس گالاکسی راگەیاند، بەڵام تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە هۆکارەکە خراپیی دۆخی جەستەییەتی بەبێ خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر.
کێشەی کات و مۆندیالی 2026
کۆڵۆمبیا کە لە مۆندیالی قەتەر بێبەش بوو، ئێستا بە پێکهاتەیەکی بەهێزترەوە بۆ مۆندیال ئامادەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی گەیشتنە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2024. یاریزانانی وەکوو لویس دیاز، ریچارد ریۆس، و دانیێل مونیۆز ئاستێکی بەرزیان هەیە، بەڵام جەیمس، وەکوو دڵی تیپەکە، لە رووی جەستەیییەوە ئامادە نییە. لە دوو یاریی رابردووی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر کرواتیا و فەرەنسا، تەنیا 63 خولەک یاریی کردووە، ئەمەش دەریدەخات کە ئەگەر لە رووی جەستەیییەوە ئامادە نەبێت، ناتوانێت ئاستە راستەقینەکەی خۆی پێشکەش بکات.
دووبارەکردنەوەی سیناریۆی کۆپا ئەمریکا
باشترین نموونە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی جەیمس، کۆپا ئەمریکای 2024ـە، پێش ئەو پاڵەوانێتییە، جەیمس لە یانەی ساوپاولۆ یاریی نەدەکرد و دۆخی باش نەبوو، بەڵام بە ئامادەکارییەکی باش توانی ئاستێکی خەیاڵی پێشکەش بکات و ببێتە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە، ئێستاش دەبێت هەمان پرۆسە دووبارە بکاتەوە، ئەگەر بیەوێت جارێکی دیکە کۆڵۆمبیا بە سەرکردایەتیی ئەو خەون بە درەوشانەوە لە مۆندیال ببینێت.
😳Preocupa el estado de salud de James Rodríguez: baja por una condición física “grave”
🙄 El ’10’ estuvo tres días hospitalizado por una “deshidratación severa” de origen “no deportivo” y dio el susto en Colombia
✍️@Clauespi8 https://t.co/hA256ZkEpN
— Diario SPORT (@sport) April 5, 2026



