
یاریگا –
مردنی ئێمیلیانۆ سالا هێرشبەری ئەرجەنتینی، یەکێک بوو لە دڵتەزێنترین رووداوەکانی مێژووی نوێی تۆپی پێ.
لە کانوونی دووەمی 2019، یانەی کاردیف سیتیی ئینگلیزی بۆ گواستنەوەی سالا بە بڕی 15 ملیۆن پاوەند بۆ کڕینی رێککەوت، کە دەبووە گەورەترین گرێبەست لە مێژووی یانەکەدا. رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2019، سالا ماڵاوایی لە هاوڕێکانی لە فەڕەنسا کرد بە فڕۆکەیەکی بچووکی تایبەت بەرەو کاردیف بەڕێکەوت، لە کاتی تێپەڕبوونی ەبسەر دەریای مانش، فڕۆکەکە لە چاوی رادارەکان ونبوو.
دوای گەڕانێکی زۆر کە سەرەتا حوکوومەت رایگرت، پاشان بە پارەی کۆکراوەی خەڵک و یاریزانان بەردەوام بوو، لە 3ـی شووباتی 2019 پاشماوەی فڕۆکەکە لە بنکی دەریادا دۆزرایەوە. دوای چوار رۆژ تەرمەکەی سالا دەرهێنرا و ناسنامەکەی پشتڕاستکرایەوە، بەڵام تەرمی فڕۆکەوانەکە تاوەکوو ئێستاش نەدۆزرایەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە فڕۆکەوانەکە مۆڵەتی گشتی شەوانەی نەبووە و فڕۆکەکەش کێشەی تەکنیکی هەبووە، هەروەها دەرکەوت کە سالا پێش کەوتنی فڕۆکەکە بەهۆی گازێکی ژەهراوییەوە، کە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنە بێهۆش بووە. دوای مردنی ملمانێیەکی یاسایی درێژخایەن لە نێوان نانت و کاردیف سیتی دروست بوو لەسەر پارەی گرێبەستەکە، کە ساڵانێکی زۆری خایاند تاوەکوو فیفا بڕیاری کۆتاییدا.
Cardiff City’s claim for more than £100m in compensation following the death of footballer Emiliano Sala has been dismissed.#BBCFootball pic.twitter.com/WxvFRSYY1H
— BBC Sport Wales (@BBCSportWales) March 30, 2026
کاردیف سیتی لە دادگایەکی فەڕەنسا وەکوو قەرەبووی مردنی ئێمیلیانۆ سالا داوای قەرەبووی دەکرد، دوای زیاتر لە حەوت ساڵ دادگا بڕیاری بە رەتکردنەوەی داواکەی کاردیفدا. لەم جەنگە درێژەدا کاردیف داوای زیاتر لە 120 ملیۆن یۆرۆی لە تیمە کۆنەکەی سالا دەکرد، کە نانتە. ئەمە دوایین شکستی زنجیرەیەک شکستی یاساییە بۆ یانە وێلزییەکە، کە فیفا و دادگا باڵاکانی دیکە دژی ئەوان بڕیاریداوە.
بڕیاری دادگا بەم شێوەیە بوو:
یانەی نانت لە فڕۆکەکە بەرپرس نەبووە، هەروەها یانەی کاردیف هیچ زیانێک بە ناوبانگی نەکەوتووە. بە پێچەوانەوە یانەی نانت بەهۆی هێرشە یاساییەکانی یانە وێڵزییەکە، تووشی زیانێکی زۆری مۆڕاڵی بووە، بەو هۆیە دادگا فەرمانی بە کاردیف کرد کە 300 هەزار یۆرۆ وەکوو قەرەبووی زیانەکە و 180 هەزار یۆرۆش وەکوو تێچووی یاسایی بە یانە فەڕەنسییەکە بدات.



