یانەیەکی لالیگا بیر لە گواستنەوەی ئالیخاندرۆ گارناچۆ دەکاتەوە
بە شێوەی خواستن

یاریگا –
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئالیخاندرۆ گارناچۆ بە شێوەی خواستن دەستپێکردووە.
ماڵپەڕی فیچاخێس ئاشکرایکردووە، ئاتلێتیکۆ مەدرید هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکەی کردووەتە ئامانج و هەنگاوەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا دەستپێکردووە.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ رۆخی بلانکۆس پێیوایە گارناچۆ لەگەڵ سیستەمی یاریکردنی یانەکە دەگونجێت، هەروەها ئەگەر گواستنەوەکە بە شێوەی خواستن بێت، هیچ بارگراناییەکی دارایی لەسەر یانە مەدریدییەکە دروستناکات.
سەرچاوەکە دەشڵێت، دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەکە، ئەم هەنگاوەی یانەکەی پەسەندکردووە و سەرسامە بە تواناکانی گارناچۆ، سیمیۆنی پێیوایە لەژێر رێنماییەکانی ئەو گارناچۆ دەتوانێت زیاتر بەرەوپێشبچێت و تەواو خۆی لەگەڵ سیستەمی یاریکردنی ئاتلێتیکۆ بگونجێنێت.
هێرشبەرە تەمەن 21 بەهارییەکە ئەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 23 یارییدا بەشداری کردووە، 6 گۆڵی کردووە و 3 ئەسیستی دروستکردووە.



