پەیوەندییەکانی نێوان ڤینیسیۆس و ریال مەدرید تێکدەچێت
رۆژنامەی ئاس دوایین زانیارییەکان لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی ئاشکرا دەکات

یاریگا –
خەریکە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر لەگەڵ ریال مەدرید دەگاتە بنبەست.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، دەستپێکی گفتوگۆکانی نێوان ڤینی و ریال مەدرید زۆر باشبوو، بەڵام لە دوا کۆبوونەوەدا، تەواوی گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینی تێکچوون.
ڤینیسیۆس زۆر لە مامەڵەی چابی ئاڵۆنسۆ لەم وەرزەدا نیگەرانە و پێی وایە دەرفەتی تەواوی پێنادرێت.
رۆژنامەکە لە زاری دوو سەرچاوەی باڵا و ئاگاداری نێو یانە شاهانەکە روونیکردووەتەوە، دوای تەواوبوونی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان، هەموو گفتوگۆیەکی ریال مەدرید و ڤینی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەست وەستان.
لە دوا کۆبوونەوەی نێوان ڤینی و دەستەی کارگێری ریال مەدرید، ڤینی سازشی زۆری لەسەر داواکارییەکانی کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ ئەنجامە.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، ئەگەر گفتوگۆکانی نێوان ریال مەدرید و ڤینی لە کەشێکی ئەرێنی دەستپێنەکەنەوە، لەوانەیە لە مێرکاتۆی زستانەی داهاتوو، ڤینی ریال مەدرید جێبهێڵێت.
گرێبەستی ڤینیسیۆس لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا مەدرید نەیتوانیوە مانەوەی یەکلاییبکاتەوە. ئاڵۆنسۆ بەڕوونی کیلیان ئێمباپێی کردووەتەوە ئەستێرەی یەکەمی یانەکە و بەهیچ شێوەیەک سڵی لەم بابەتە نەکردووەتەوە.
لەم وەرزەدا، ڤینیسیۆس لە سێ یاریدا سەرەکی بوو و ریال مەدرید هەرسێ یارییەکەی بردەوە.