گوندۆگان پەیوەندی بە سوپەرلیگی تورکیاوە دەکات

یاریگا –
گاڵاتاسەرای گفتوگۆکانی لەگەڵ مانچێستەر سیتی سەبارەت بە گواستنەوەی ئیلکای گوندۆگان یاریزانی هێڵی ناوەڕاست کۆتایی پێهێناوە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ گرێبەستەکە واژۆ بکرێت.
بەگوێڕەی زانیارییەکانی فابریزیۆ رۆمانۆ، مان سیتی رێگەی بە گوندۆگان داوە بێبەرامبەر بلوز جێبهێڵێت، چونکە یانەکە دەتوانێت مووچەی ساڵانەی ئەو یاریزانە پاشەکەوت بکات. ئەم هەنگاوە بۆ هەردوولا سەرکەوتنە؛ گوندۆگان کاتێکی زیاتری یاریکردن بەدەست دەهێنێت و گاڵاتاسەرای ئەزموونی یاریزانێکی ناوەڕاستی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت.
ئیلکای گوندۆگان کە هاوکات یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات، لە ماوەی ساڵانی یاریکردنی لە مانچێستەر سیتی رۆڵی سەرەکی لە سەرکەوتنی یانەکەدا بینیوە. لە دوو یاریی رابردووی پریمەرلیگدا لەسەر کورسی یەدەگ بووە و روون بوو کە لە پلانەکانی گواردیۆلادا جێگەی نابێتەوە.
گاڵاتاسارای هیواخوازە گوندۆگان بەشێوەیەکی بەرچاو هێڵی ناوەڕاستی یانەکەی بەهێزتر بکات، هەروەها ئەزموونی لە چامپیۆنزلیگ و پاڵەوانێتییەکانی دیکەی نێودەوڵەتیدا سوودی بۆ تیپەکە دەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی یانە تورکییەکە، ئەمڕۆ گوندۆگان گەیشتووەتە ئیستەنبوڵ بۆ پشکنینی پزیشکی و واژۆکردنی گرێبەستەکەی. هاندەرانی گاڵاتاسەرای هیواخوازن بەم گرێبەستە هاوینەیە توانای رکابەریی تیپەکە زیاد بکات و وەک پێشەنگێک لە هێڵی ناوەڕاست دەربکەوێت.